Accessibility links

سەرۆک ترامپ وتارێکی گرنگ دەدات سەبارەت بە کۆریای باکوور


بەرپرسانی ئەمەریکی ڕایانگەیاند سەرکی ئەمەریکا دانۆلد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە بە وتارێکی گرنگ سەبارەت بە کۆریای باکوور کۆتایی بە سەردانەکەی دەهێنێت لە کۆریای باشوور و واچاوەڕواندەکرێت فشار بخاتە سەر سەرۆکی چین شی جین پینگ تاوەکوو فشارەکانی سەر پیۆنگیانگ زیاتر بکات.

وتارەکەی سەرۆک ترامپ لەبەردەم پەرلەمانی کۆریای باشووردا دەبێت دوای ئەوەی هەڕەشەی کرد بە بەکارهێنانی تەواوی توانا سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی کۆریای باکوور ئەگەر بێتو ناچار ببن، بەڵام ئاماژەشی بە چارەسەرە ئاشتییەکان دا بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتنێک بۆ کۆتای هێنان بە بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور.

لەکاتێکدا سەرۆک ترامپ چارەسەرێکی ڕوونی نەداوە بەدەستەوە سەبارەت بە گەورەترین کێشەی ئاسایشی جیهان کە ڕووبەڕووی بۆتەوە، لێدوانەکانی زیاتر نزیکی دەکاتەوە لە کۆریای باکوور دوای ئەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ کەمبوونەتەوە کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای نیگەران کردبوو بەهۆی ترس لەوەی جەنگی ناوەکیی هەڵبگیرسێت.

ئەمەش بەتەواوەتی دژی لێدوانەکانی ڕابردوویەتی کە وتبووی بەتەواوەتی کۆریای باکوور وێران دەکات ئەگەر هاتوو هەڕەشە لە ئەمەریکا بکات.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا وتیان سەرۆک ترامپ دوای کۆریای باشوور سەردانی چین دەکات و هەوڵدەدات باوەڕ بە سەرۆکی چین بهێنێت فشاری زیاتر بخاتە سەر کۆریای باکوور.

سەرۆک ترامپ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە سیئۆل وتی چین و ڕوسیا لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە هاریکاری ئەوان زۆر گرنگ دەبێت لە وەستاندنی بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی کۆریای باکوور.

سەرۆک ترامپ وتی " سەرۆک شی... زۆر بەسوود بووە، بەمزووانە دەبینین چەند هاریکار بووە."

بەڵام ڕوون نیە کە ئایا سەرۆکی چین ڕازی دەبێت بەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر کۆریای باکوور یاخوود نا.

چین دەڵێت ڕۆژئاوا بابەتی پیۆنگیانگیان گەورە کردووە و ئاماژەش بەوە دەدات کە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتدەکاتەوە و سزاکانی سەر پیۆنگیانگ جێبەجێ دەکات، ئەمەش وەکوو بەڵگەیەک کە دەڵێت هەرچی لەتوانایدا بێت دەیکات بۆ وەستاندنی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG