Accessibility links

سەرۆک دانۆڵد ترامپ ئەمڕۆ قودس وەک پایتەختی ئیسڕائیل ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەنیازە ئەمڕۆ ڕایبگەیەنێت کە ئەمەریکا قودس وەکو پایتەختی ئیسڕائیل دەناسێنێت و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەبیبەوە دەگوازێتەوە بۆ قودس.

واچاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە توڕەییەکی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت لە جیهانی عەرەبیدا.

بۆ هێورکردنەوەی ئەو ڕەوشەی کە لەوانەیە زۆر خراپ ببێت، سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە پەیوەندیی کرد بە پێنج ڕابەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەوانەش سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس و پاشای ئوردون عەبدوڵا و سەرۆکی میسڕ عەبدول فەتاح سیسی و پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود.

بەیاننامەکەی کۆشکی سپی وردەکاری زۆر کەمیدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێو پەیوەندییە تەلەفونییەکان و وتی " سەرکردەکان باسیان لە بڕیارەکان کردووە سەبارەت بە قودس." وتیشی سەرۆک ترامپ پابەندبوونی خۆی دووپاتکردۆتەوە بۆ پێشخستنی دانوستانە ئاشتیەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل.

درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە بەرپرسانی کۆشکی سپی وتیان سەرۆک ترامپ وتوویەتی قودس نەک تەنها پایتەختێکی مێژوویی ئیسڕائیلە بەڵکو لەو کاتەوەی کە لە ساڵی 1948 دا ئیسڕائیلی مۆدێرن دامەزراوە جێگەیەک بووە بۆ حکومەتی ئیسڕائیل.

بەرپرسان وتیشیان سەرۆک ترامپ فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوە کردووە ئامادەکارییەکان بکەن بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس. وتیان چەند ساڵێکی دەوێت تاوەکو شوێنێک دەدۆزنەوە بۆ باڵیۆزخانەکە و خەرجییەکەی بۆ دابین دەکەن و بینایەکی نوێ دروست دەکەن.

هەندێک لە بەرپرسانی واشنتن نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ و کەوتنەوەی توندوتیژی لەدژی ئیسڕائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

کاتێک پرسیارکرا سەبارەت بەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لەگەڵ بڕیارەکەی سەرۆک ترامپدایە کە لەوانەیە هاوڵاتیان و هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بخاتە مەترسیەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناورێت وتی " وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی خۆی ڕوون کردۆتەوە و هەروەها وەزارەتی بەرگریش بە هەمان شێوە، بەڵام ئەوە لەکۆتاییدا بڕیاری سەرۆکە کە بیدات. ئەو بەرپرسیارە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG