Accessibility links

سەرۆک ترامپ سوپاسی کیم جۆنگ ئون دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی دەیەوێت بەمزووانە لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا کۆببێتەوە و سوپاسی بکات بۆ گەڕاندنەوەی لاشەی ئەو سەربازە ئەمەریکیانەی کە لە جەنگی کۆریادا لە ساڵەکانی نێوان 1950 بۆ 1953 دا کوژراون.

سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون سوپاست دەکەم کە بەڵێنەکەت بردە سەر و دەستت کرد بە ڕەوانەکردنەوەی لاشەی خۆشەویستە مەزنە ونبووەکانمان. ئێمە بە هیچ شێوەیەک سەرمان نەسوڕماوە لەو هەنگاوە باشەی کە ناوتە."

وتیشی " بە هەمان شێوە سوپاست دەکەم بۆ وتارە جوانەکەت و هیوادارم بەمزووانە چاوم پێت بکەوێت." سەرۆک ترامپ وردەکاری زیاتری نەدا.

لەمیانەی کۆبوونەوە مێژووییەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئوندا، کیم بەڵێنیدا لاشەی سەربازە ئەمەریکییەکان ڕەوانەی ئەمەریکا بکاتەوە و بەڵێنیشیدا کار بکات بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا کیم پەیامێکی بۆ سەرۆک ترامپ ناردوو و تیایدا وتی هیوادارارە کۆبوونەوەی دووەمی نێوانیان ئەنجام بدەن. بەڵام ڕوون نیە کە ئایا ئەمە وتارە جوانەکە بوو کە سەرۆک ترامپ ئاماژەی پێداوە یاخوود نا.

هەروەها سەرۆک ترامپ پێشوازی لەو مەراسیمە جوانە کرد کە لە هاوای ساز کرابوو بۆ وەرگرتنەوەی لاشەکان و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس بەشداری تێدا کردبوو.

مایک پێنس کە باوکی لە جەنگی کۆریادا بەشداربوو وتی " دەزانن سەرۆک ترامپ ئێستا سوپاسگوزارە چونکە ڕابەر کیم بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ کرد و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پێشکەوتنی هەوڵەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا."

جێی ئاماژەیە هێشتا 7700 سەربازیی ئەمەریکی کە بەشداریان کردبوو لە جەنگی کۆریادا بێسەروشوێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG