Accessibility links

سەرۆک ترامپ: سەرەڕای کوژرانی خاشقچی، ئەمەریکا پشتیوانی لە سعودییەکان دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەڵێنیدا هەر بە هاوبەشی بمێنێتەوە لەگەڵ سعودیەدا سەرەڕای ئەوەی وتی لەوانەیە شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان ئاگاداری پلانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی بووبێت.

سەرۆک ترامپ ئاماژەشی بەوەدا گرێبەستە سەربازییەکان لەگەڵ سعودیەدا هەڵناوەشێنێتەوە چونکە " گەمژەیییەکی لەو شێوەیە تەنها سوود بە ڕوسیا و چین دەگەیەنێت."

سەرۆک ترامپ وتیشی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا هێشتا شیکاری بۆ بەڵگەکان دەکەن لەسەر چۆنێتی کوژرانی خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ و هەروەها لێکۆڵینەوە لە پلانی تاوانەکە دەکەن.

لە بەیاننامەیەکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە سەرۆک ترامپ وتی " دەزگا هەواڵگرییەکانمان بەردەوامن لەسەر هەڵسانگاندنی هەموو زانیارییەکان، بەڵام دەکرێت شازادەی جێگرەوەی سعودیە ئاگاداری ئەم ڕووداوە کارەساتییە بووبێت، لەوانەیە ئاگادار بووبێت و لەوانەشە ئاگادار نەبووبێت."

جێی ئاماژەیە سەرچاوەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدەن کەدەرەنجامی هەڵسانگاندنەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئەوەیە کە کوژرانی خاشقچی بە فەرمانێک بووە لە شازادەی جێنشینەوە دەرچووە.

یاسادانەرانی دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمەریکا داوایان لە سەرۆک ترامپ کردووە چیتر پشتیوانی لە شازادە محەمەد نەکات، بەڵام سەرۆک ترامپ ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

سەرۆک ترامپ وتیشی " هەر بە هاوبەشی دەمێنینەوە لەگەڵ سعودیەدا تاوەکو بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان و ئیسڕائیل و هەموو هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا دەستەبەر بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG