Accessibility links

سەرۆک ترامپ پشتیوانی لە یاسای نوێی کۆچبەران دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پشتیوانی خۆی لە پڕۆژە یاسای نوێی کۆچبەران ڕاگەیاند کە ئامانجی پڕۆژە یاساکە کەمکردنەوەی کۆچی یاساییە بۆ ئەمەریکا لەڕێی پێشنیارکردنی سیستمێکی نوێوە کە لە بەرژەوەندی ئەو کۆچبەرانەدایە کە توانا و بەهرەیەکیان هەیە و دەتوانن یارمەتی وڵاتەکە بدەن لەڕوویی داراییەوە.

سەرۆک ترامپ لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سیناتۆری کۆمارییەکان تۆم کۆتن و دەیڤد پێردو کە پێشنیاری پڕۆژە یاساکەیان کردبوو وتی " پڕۆژە یاساکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاریی و بەرزکردنەوەی کرێکان و هەروەها بلیۆنان دۆلاری پارەی باجدەران بەدەست دەخات."

سەرۆک ترامپ وتی " پڕۆژە یاساکە شێوەی پێدانی کارتی مۆڵەتی مانەوە بە هاوڵاتیانی دەرەوە دەگۆڕێت، لەمێژە ئەمەریکا کارتی مۆڵەتی مانەوە دەدات بەو کۆچبەرانەی کە توانا و بەهرەیان نیە و هیچ سودێکیان نیە بۆ دارایی وڵاتەکە، ئەم سیاسەتەش فشارێکی زۆری خستۆتە سەر کرێکاران و باجدەرانی ئەمەریکی."

وتیشی " ئەم سیاسەتی پێدانی کارتی مۆڵەتی مانەوەیە دەگۆڕێت و لەجێگەی ئەوە کارتەکە دەدرێت بەو کۆچبەرانەی کە توانایان هەیە و دەتوانن بەزمانی ئینگلیزی قسە بکەن و لەڕوویی داراییەوە دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و یارمەتی خێزانەکانیان بدەن، هەروەها لەڕوویی داراییەوە یارمەتی وڵاتەکە بدەن."

سەرۆک ترامپ بەردەوام بوو لە وتەکانی سەبارەت بە پڕۆژە یاسا نوێیەکە و وتی " پڕۆژە یاساکە پشت لە کۆچبەرە بەتواناکان ناکات لە یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا و کار لەسەر پاراستنی هاوڵاتیانی ئەمەریکی دەکات."

لەلای خۆشییەوە پێردو وتی " ئەم سیستمەی ئێستای کۆچبەران باش نیە، پێویستمان بە سیستمێکی ترە، پێویستە ئەم سیستمی کۆچبەرانە چاک بکەینەوە. " هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەم پڕۆژە یاسایە لەسەر ئەو یاسایانە سەرچاوەی گرتووە کە زۆر بەباشی کار دەکەن لەو وڵاتانەدا کە ڕێژەی کۆچبەرانی زۆرە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکی ڕایانگەیاند پڕۆژە یاساکە لە مانگی دوودا لەلایەن هەردوو سیناتۆری کۆماری کۆتن و پێردووەوە پێشنیارکراوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرە یاساییەکان بەشێوەیەک کە لەماوەی دە ساڵدا لە سەدا پەنجای کۆچبەرە یاساییەکان کەم دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG