سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا دانۆڵد تڕا‌مپ له سێهه‌مین ئاماژه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به خۆپێشاندانه‌کان له ئێران، له سه‌ر تویتری خۆی دوا نێوڕۆی یه‌کشه‌مه به کاتی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا نووسی:
"ئێران، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕێکه‌وتنه زۆر خراپه‌ی که له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆباماوه له گه‌ڵێان واژۆ کرا، له هه‌موو بواره‌کان دا شکستی هێناوه."
هه‌روه‌ها له به‌شێکی په‌یامه‌که‌ی دا سه‌رۆک تڕا‌مپ گوتی:
"خه‌ڵکی مه‌زنی ئێران بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه سه‌رکوت ده‌کرێن. ئه‌وان برسی بژێوی ژیان و تینوی ئازادین. وێڕای مافه‌کانی مرۆڤ، سامانی خه‌ڵکی ئێران خه‌رێکه به تاڵان ده‌چێت. کاتی گۆڕان هاتووه!"
هه‌روه‌ها جه‌ختیشی کردوه که حکومه‌تی ئێران له سه‌ر پێشێلکاری به‌رده‌وامه:
"ئێران، یه‌که‌م حکومه‌تی پشتیوانی تێرۆر و پێشێلکاری چه‌ندین بواری مافه‌کانی مرۆڤه که هه‌ر کاتژمێرێک ڕوو ده‌ده‌ن؛ ئێنتێرنێتی داخستوه به جۆرێک خۆپێشانده‌رانی به ئاشتی نه‌توانن له گه‌ڵ یه‌کتر په‌یوه‌ندی بگرن. ئه‌مه باش نیه!"
سێهه‌م کاردانه‌وه‌ی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا له ده‌مێکدا یه که خۆپێشاندانه‌کان بۆ چواره‌مین رۆژی به‌رده‌وام له زیاتر له 15 شاری دیکه درێژه‌یان هه‌یه.
له هه‌مان کاتدا، سه‌رۆک کۆماری ئێران دوای چوار ڕۆژ، که مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو خۆپێشانده‌ران ئارام بکاته‌وه، به‌ڵام وته‌کانی کاریگه‌ری بۆ سه‌ر ناڕازییه‌کان نه‌بووه و بۆ چوارمین ڕۆژ ئه‌و ناڕازییانه هه‌روا درێژه‌یان هه‌یه. ئه‌و له وته‌کانی دا ئاماژه‌ی به ڕه‌فتاری توندی پولیس له گه‌ڵ خه‌ڵک و کوژران و بریندار بوونی ژماره‌یه‌ک له خه‌ڵک نه‌کرد. ئه‌و ناڕازی ده‌ربڕینی به مافی خه‌ڵک زانی به‌ڵام جه‌ختی کرد که وا نه‌بێت که سه‌رئه‌نجامی خراپ کردن بێت.