Accessibility links

سەرۆک ترامپ و سکرتێری گشتی ناتۆ کۆبوونەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سکرتێری گشتی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ لە واشنتن کۆبوونەوە لەنێوەندی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەفتەی ڕابردوو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە، ئەمەش لە کاتێکدا فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا بەردەوام بوون لە پشتیوانیکردن لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە. سەرۆک ترامپ کۆمەڵێک ڕەخنەی هەبوو لەسەر ڕێکەوتنەکە و یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە دەڵێت لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا باس لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران و چالاکییە خراپەکانی لە ناوچەکەدا نەکراوە، ئەمەش لەکاتێکدا هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمەریکا دەڵێن ڕاستە ڕێکەوتنەکە نموونەیی نیە بەڵام باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن بە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی ئێران وتی " ئێمە کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کرداری بۆ ڕێکەوتنەکە، ئێمە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک دەکەین بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکە."

لە سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا، سەرۆک ترامپ ڕەخنەی توندی لە ناتۆ گرت، هاوپەیمانێتیەکە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا دامەزرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕوسیا. سەرۆک ترامپ وتی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا خەرجی داواکراو بۆ بەرگریی ناتۆ سەرف نەکردووە کە دەبێت لە سەدا 2 ی داهاتی ئابووری وڵاتەکەیان سەرف بکەن بۆ بە بەرگری هاوپەیمانێتیەکە.

بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک ترامپ سوپاسی ستۆڵتنبێرگی کرد لەسەر ئەوەی فشاری خستۆتە سەر وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بۆ زیادکردنی بودجەکانیان بۆ بەرگری هاوپەیمانێتییەکە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG