Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر ئەمەریکا نەماوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت ئەمەریکا ڕێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی خۆی لە هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەشی خستەڕوو یارمەتیان پێشکەش بە چین کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتی " دەبینین چی ڕوودەدات، ئێمە هەڕەشەی ڤایرۆسەکەمان نەهێشتووە."

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکییانەی کە لە ماوەی چواردە ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چینیان کردووە و دێنەوە بۆ ئەمەریکا، ئاڕاستەی یەکێک لەو حەوت فڕۆکەخانەیە دەکرێن کە بۆ پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە تەرخانکراون.

سەرۆک ترامپ بە فۆکس نیوزی وت " ناتوانین هەزاران خەڵک وەربگرین کە لەوانەیە ئەم کێشەیەیان هەبێت ، ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرپرسانی ئەمەریکا یارمەتییەکی ئێجگار زۆریان پێشکەشی چین کردووە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا."

لەلایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕۆبەرت ئۆبراین لە چاوپێکەوتنێکی جیادا وتی چین زیاتر کراوە بووە لە بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە چاو قەیرانەکانی دیکەدا، ئەوەشی خستەڕوو هێشتا چین هیچ یارمەتییەکی ئەمەریکای پەسەند نەکردووە.

وتی " تا ئێستا چینیەکان زۆر کراوەبوون سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ قەیرانەکانی دیکەدا، ئێمە بەوە دەزانین."

لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی سی بی ئێس ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا وتی چین هیشتا وەڵامی پێشنیارەکانی ئەمەریکای نەداوەتەوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی. وتی " ئێمە شارەزای ئێجگار زۆرمان هەیە، ئەمە نیگەرانییەکی جیهانییە. ئەگەر بتوانین دەمانەوێت یارمەتی هاوەڵە چینیەکانمان بدەین و یارمەتیشمان پێشکەش کردووە و بزانین ئەوان پەسەندی دەکەن یاخود نا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG