Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئێران وەکو دەوڵەت شکست دەهێنێت بەڵام ئەمەریکا دەتوانێت ئەوە بگۆڕێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئێران وەکو دەوڵەت شکست دەهێنێت دوای ئەوەی واشنتن لە ساڵی ڕابردوودا سزاکانی بەسەردا سەپاندەوە، وتیشی ئەمەریکا دەتوانێت زۆر بەخێرایی ئەوە بگۆڕێت لەڕێی وتوێژکردنەوە لەگەڵ سەرکردایەتی ئێراندا.

ڕۆژی سێشەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایوتەڵا عەلی خامنەئی وتی تاران بە پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ وتوێژکردن هەڵناخەڵەتێت و دەستبەرداری بەرنامە موشەکییەکەشی نابێت.

گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە مانگی ڕابردوودا زیادیکرد، ساڵێک دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهاندا کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

سەرۆک ترامپ پێش کۆبوونەکەی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی ئیمانوێل ماکرۆندا لە شارۆچکەی کوون لە ڕۆژئاوای فەڕەنسا دوای ئامادەبوونی لە مەراسیمی هەفتا و پێنج ساڵەی شەڕی نۆرماندی وتی " کاتێک بوومە سەرۆک ، ئێران وڵاتێکی ڕاستەقینەی تیرۆر بوو. ئەوان هێشتا بەبێ هیچ مشتومڕێک پشتیوانیکەری تیرۆرن."

وتیشی " ئەوان وەکو دەوڵەت شکست دەهێنن. بەڵام نامەوێت وەکو دەوڵەت شکست بهێنن. دەتوانین ئەوە زۆر بەخێرایی بگۆڕین."

سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران گرت کە بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشووی سەرۆک ئۆباما واژۆی کردبوو، وتی لە ڕێکەوتنەکەدا باس لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران یاخود ڕۆڵی ئەو وڵاتە نەکراوە لە ملمانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها داوای لە ئێران کرد بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و قسە بکەن بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی نوێ.

وتی " دەزانم ئەوان گفتوگۆیان دەوێت و ئەوەش کێشە نیە. گفتوگۆ دەکەین. بەڵام تەنها شت کە ناتوانن بەدەستی بهێنن چەکی ناوەکییە."

سەرۆک ترامپ سووربوو لەسەر ئەوەی ئەمەریکا هیچ ناکۆکییەکی نیە لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا سەبارەت بە ئێران، وتی فەڕەساش نایەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی.

فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیاش بەشدارن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران و هەمان ترسی واشنتنیان هەیە سەبارەت بە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران و چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی " پێم وایە هەمان ئامانجمان هەیە سەبارەت بە ئێران. دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی. ڕێکەوتنێکمان هەیە تاوەکو ساڵی 2025 و ئارەزووی ئەوە دەکەین لە ڕێکەوتنەکە بەردەوام بین و دڵنیاییەکی تەواومان هەیە."

وتیشی " دواتر چالاکییە موشەکیە باڵیستیکییەکەی ئێران سنووردار دەکەین و چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا ناهێڵین، ئامانجی چوارەمیشمان ئەوەیە کە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی بهێنین. بۆ گەیشتن بەوە دەبێت دەست بکەین بە وتوێژکردن. پێویستە دەست بکەین بە وتوێژی نوێ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG