Accessibility links

سەرۆک ترامپ: پەمپێیۆ هەڵنابژێرم بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و 15 کاندیدم لەبەردەستدایە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەدووری زانی داوا لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ بکات پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکاش بگرێتەدەست، وتی 15 کاندیدی لەبەردەستدایە بۆ ئەو پۆستەی کە پێشتر بەدەست جۆن بۆڵتنەوە بوو.

جێی ئاماژەیە لە نێو بەرپرسانی کۆشکی سپیدا گفتوگۆ هەبووە سەبارەت بە پێدانی ئەرکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی بە پەمپێیۆ و لە هەمان کاتیشدا بەردەوام بێت لە کارەکەی خۆی وەکو وەزیری دەرەوە، بەڵام سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەنیاز نیە ئەو هەنگاوە بنێت.

سەرۆک ترامپ وتی ئێستا 15 کاندیدی لەبەردەستدایە، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی وتی لیستێکی کورتی پێنج کەسی لەبەردەستدایە. وتیشی هەفتەی داهاتوو بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی کێ ئەو پۆستە بگرێتە دەست.

وتیشی " زۆرێک پۆستەکەیان دەوێت. پۆستێکی مەزنە."

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن جەنەڕاڵی خانەنشینکراو کیث کیلۆج کە ڕاویژکاری ئاسایشی نیشتیمانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنسە یەکێکە لە کاندیدەکان، هەروەها نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک و جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ڕیک وادڵ و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەڵمانیا ڕیچارد گرینڵ لە نێو لیستی کاندیدەکاندان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG