Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت دیموکراتەکان لە پشوودان


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی

ڕابەرانی دیموکراتەکان وتیان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە زۆرینەیان دیموکراتەکانن هەفتەی داهاتوو ناگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، ئەمەش بەهۆی مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە. بەڵام پێشتر وابڕیاربوو ئەنجومەنەکە هەفتەی داهاتوو کاری ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن.

ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ستێنی هۆیەر و سەرۆکی ئەنجومەنەکە نانسی پیڵۆسی بڕیاریانداوە نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ پزیشکی ئەنجومەنەکەدا تاوتوێی بابەتەکەیان کردووە.

هۆیەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە واشنتن لە زیادبووندایە، بۆچوونەکانی پزیشکی ئەنجومەنەکە بەو شێوەیە بوو کە ئەگەر ئەندامانی ئەنجومەنەکە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان ئەوا مەترسی توشبوونیان لەسەر دەبێت و پێشنیاری ئەوەی کردووە کار نەکەن."

هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە زۆرینەی کۆمارییەکانن هەفتەی داهاتوو کار دەکەن، سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوان کاتێکی خۆش دەبەنە سەر لە پشووەکەیاندا."

هۆیەر ئەوەشی خستەڕوو ئەنجومەنەکە بەنیازە بەزووترین کات دەست بەکارەکانی بکاتەوە و پڕۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی ویلایەتەکان و حکومەتە ناوخۆییەکان تەواو بکات. وتی هیوادارە لیژنەکانی ئەنجومەنەکە بتوانن لە دوورەوە کارەکانیان ڕابپەڕێنن لەکاتێکدا کە ئەنجومەنەکە داخراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە و لە هەواڵێکی جیادا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی وتی 500 ملیار دۆلار پێویستە بۆ یارمەتیدانی ویلایەتەکان، هەروەها " بڕە پارەیەکی زۆر زیاتریش ئەگەر بکرێت بۆ شارۆچکە و شارەوانیەکان لەکاتێکدا زیانێکی زۆریان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بەرکەوتووە."

تاوەکو ئێستا ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا توانیویانە لە ماوەی ڕابردوودا 150 ملیار دۆلار بۆ ویلایەت و حکومەتە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا تەرخان بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG