Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت خەریکە تێدەگات لە دیارنەمانی خاشقچی


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی بەرپرسان نزیک بوونەتەوە لە تێگەیشتن لە دیارنەمانی خاشقچی لە کاتێکدا کە لێکۆڵەرەوانی سعودی خۆیان ئامادە دەکەن بچنە ناو کونسوڵخانەی سعودیەوە لە ئیستەنبوڵ.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فۆکس نیوز وتی " دەبێت بزانم چی ڕوویداوە. ئێمە لەوە نزیک دەبینەوە زۆر زیاتر لەوەی بیری لێدەکەنەوە."

فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر سعودیەی هاوپەیمانی ئەمەریکا تا دێت زیاتر دەبن سەبارەت بە شوێنی خاشقچی کە ڕەخنەگرێکی دیاری سیاسەتەکانی سعودیەیە.

تورکیا پێی وایە خاشقچی لە ناو بینای کونسوڵخانەکەدا کوژرابێت و لاشەکەی گواسترابێتەوە، سعودیەش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

بەرپرسێکی ئاسایشی تورکی وتی تیمێکی لێکۆڵەرەوان خۆیان ئامادە دەکەن بچنە ناو کونسوڵخانەکەوە.

بەرپرسەکە وتی " ئێستا ئەوان چاوەڕێی مۆڵەتی کۆتایین تاوەکو بچنە ناو کونسوڵخانەکەوە."

سەرۆک ترامپ وتی " ئێمە زۆر سوورین، لێکۆڵەرەوەمان هەیە لەوێ و لەگەڵ تورکیادا کار دەکەین، لەگەڵ سعودیەشدا کاردەکەین، دەمانەوێت ڕاستی ڕووداوەکە بزانین."

سیناتۆر بۆب کورکەری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە ئەگەر سەلمێندرا سعودیە بەرپرسە لە کوژرانی خاشقچی ئەوا دەبێت سزا بسەپێنرێت بەسەر سعودیەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG