Accessibility links

سەرۆک ترامپ: وادیارە ئێران بەرپرسە لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی وادیارە ئێران بەرپرس بووە لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیە، بەڵام وتیشی پەلەی نیە بۆ وەڵامدانەوە و هێشتا دەیەوێت بزانێت بە تەواوەتی کێ لە پشت ئەو هێرشەوە بووە.

ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمەریکا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەیان خستە سەر ئەستۆی ئێران، لەوانەش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ و وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕیک پێری.

لەلای خۆیەوە ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و وتی " گەلی یەمەن " ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە بۆ سەر یەمەن.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا بژاردەی زۆری هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان بەڵام ڕەتی کردەوە بژاردەکان دیاری بکات. وتیشی سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا دەتوانێت یارمەتی پێشکەش بکات بەڵام بەڵێنی پاراستنی بە بە سعودیە نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمینیک ڕاب وتی بەڕیتانیا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانیدا کار دەکات بۆ " وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە بەشێوەیەکی بەرفراوان و چالاک. "

ڕاب وتی " بەڕیتانیا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ دەکات لە سعودیە. لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا کاردەکەین بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەرفراوان و چالاک."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG