Accessibility links

سەرۆک ترامپ نایەوێت بەهۆی خاشقچییەوە دەستبەرداری سعودیە ببێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی نایەوێت دەستبەردانی سعودیەی هاوپەیمانی ئەمەریکا ببێت بەهۆی دیارنەمانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچییەوە، هەروەها وتی دەیەوێت سەیری ئەو بەڵگانەی تورکیا بکات کە دەیسەلمێنن ئەفسەرانی سعودیە کوشتوویانە.

سەرۆک ترامپ وتی چاوەڕوانی ڕاپۆرتێکی کۆتایی دەکات لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆوە سەبارەت بە دیارنەمانی خاشقچی، ئەمەش دوای ئەوەی مایک پەمپیۆ سەردانی سعودیە و تورکیای کرد. بەرپرسانی تورکی دەڵێن پێیان وایە جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەکەدا کوژرابێت و دواتر لاشەکەی گواسترابێتەوە. سعودییەکانیش ئەوە بە توندی ڕەت دەکەنەوە.

سەرچاوەکانی تورکیا دەڵێن بەرپرسانی تورکی تۆمارێکی دەنگیان لایە کە ئاماژە بەوە دەکات خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەکەدا کوژراوە.

سەرۆک ترامپ کە پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ سعودیە و شازادەی جێگرەوەی سعودیەدا وتی واشنتن داوای لە تورکیا کردووە هەر بەڵگەیەکی تۆماریی دەنگی و ڤیدیۆیی لایە بیداتە ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس بیزنس نێتۆرکدا کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا دەستبەردای سعودیە دەبێت یان نا، سەرۆک ترامپ وتی " ئەوەم ناوێت."

هەروەها دووبارە هیوای خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی ئەندامانی خێزانی پاشایەتی سعودیە دەستیان نەبووبێت لە دیارنەمانەکەیدا.

هەروەها سەبارەت بە تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییەکان سەرۆک ترامپ وتی " داوامان کردووە، ئەگەر بوونیان هەبێت، تا ئێستا دڵنیا نیم لەوەی کە بوونیان هەبێت، لەوانەیە بوونیان هەبێت، دەکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG