Accessibility links

کۆشکی سپی : ئەو زانیارییانەی سەرۆک ترامپ داویەتی بە ڕوسیەکان تەواو گونجاون


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مکماستەر وتی ئەو زانیارییانەیی سەبارەت بە تیرۆر و هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان کە سەرۆک ترامپ بە کاربەدەستە ڕوسییەکانی داوە " تەواو گونجاوە" و سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکای نەخستۆتە مەترسییەوە.

مکماستەر لەسەر قسەکانی خۆی سووربوو کاتێک بە ڕۆژنامەنووسانی وت هەواڵەکانی سەبارەت بەوەی سەرۆک ترامپ زانیاری نهێنی دابێت بە کاربەدەستە ڕوسیەکان هەڵەن، زانیارییەکەش ئەوە بووە ڕێکخراوی داعش پلان دادەنێن بۆ ئەوەی بۆمب لە لاپتۆپەکاندا بشارنەوە و لەناو فڕۆکەکاندا بیتەقێننەوە. سەرۆک ترامپ هەفتەی پێشوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤ و باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەمەریکا سێرجی کیسلیاکدا لە ئۆڤاڵ ئۆفیس کۆبۆوە.

مکماستەر وتی " من هیچ نیگەران نیم، ئەو گفتوگۆیانە تەواو گونجاو بوون و سەرچاوە هەواڵگرییەکانیشمان هەر ئەوەمان لێ چاوەڕوان دەکەن." هەروەها وتیشی "سەرۆک سەرچاوە هەواڵگرییەکانیشی نەخستۆتە مەترسییەوە."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەو هەواڵانەشی ڕەت کردەوە کە گوایە سەرۆک ترامپ بێ ئاگایەنە سەرچاوەی زانیارییەکەشی باس کردبێت " سەرۆک تەنانەت نەشیزانیوە ئەو زانیارییانە لەکوێوە هاتوون، هیچ باسی لە زانیارییەکە و سەرچاوەکەشی نەکردووە."

لەلای خۆشیەوە سەرۆک ترامپ لەمیانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لێدوانێکی ناڕاستەوخۆیدا لەسەر بابەتەکە و وتی " کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتوومان ئەنجامدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیادا، لە شەڕمان لەگەڵ داعشدا، پێویستمان بە زۆرترین یارمەتییە دەستمان بکەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG