Accessibility links

سەرۆک ترامپ گفتوگۆکردن لەگەڵ تاڵیباندا ڕەت دەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت ئەمەریکا نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبانی ئەفغانستاندا بکات، ئەمەش دوای زنجیرەیەک لە هێرشی کوشندە لە ئەفغانستان.

سەرۆک ترامپ لەمیانەی نیوەڕۆخوانێکی کاردا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەم لێدوانانەیدا. ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بەنیازن شیکاریی بۆ پارچەی ئەو موشەکە بکەن کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت ئێرانی بێت.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە هەلی ئەوەیان دەبێت کە پاشماوەی پارچە گەورەکانی ئەو موشەکە مەودا کورتە سەیر بکەن کە نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا لە بنکەیەکی سەربازیی لە ئەمەریکا ئاشکرای کرد.

لەو کاتەدا نیکی هەیڵی وتی ئەم پاشماوەی موشەکە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەوەی ئێران بەشێوەیەکی نایاسایی چەک دەداتە حوسییەکانی یەمەن.

نیکی هەیڵی لە مانگی دوانزەدا وتی " ئەوە لە ئێران دروستکراوە و دواتر ڕەوانەی چەکدارە حوسییەکان کراوە لە یەمەن، لەوێوە موشەکەکە هاوێژراوە بۆ فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی، بە ئامانجی کوشتنی سەدان هاوڵاتی بێتاوانی مەدەنی لە سعودیە."

ئەمەریکییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە بەنیازن لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە چەک و پێدانی بە حوسییەکانی یەمەن بخەنە ئەستۆی ئێران.

ئەمە بەشێکی گەورەی ستراتیژییەکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپە کە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015ی ئێراندا ماوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەن بەرپرسیارێتییەکانی تری چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بخەنە ئەستۆی ئێران، لەوانەش پشتیوانیکردنی کۆمەڵەکانی وەکو حوسیەکان و حیزبوڵا لە لوبنان.

هەیڵی لە مانگی دوانزەدا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە خۆی دەشارێتەوە لە پشت ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا و وتی " کۆمەڵێک شت هەیە کە دەیکەن لە کاتێکدا ئێمە سەیری لاکەی دیکە دەکەین."

پاشماوەکانی موشەکەکە لە سعودیە و ئیماڕات بۆ ماوەیەکی کاتی وەرگیراوە، کە ئەوانیش ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکەن لە دژی حوسییەکان لە یەمەن. هێرشە ئاسمانییەکانی سێ ساڵەی هاوپەیمانێتییەکە بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی مەترسیدار لە یەمەندا.

سەرۆک ترامپ بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بۆ نیوەڕۆخوانێکی کار، شتێک کە ساڵی ڕابردووش بە هەمان شێوە کردی.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا هێربەرت ڕایمەند مکماستەر هاوەڵی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ مۆزەخانەی یادەوەری هۆڵۆکۆستی ئەمەریکا. بەپێی ئەرکی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی پێشانگایەک دەکەن سەبارەت بە ناکۆکییەکانی سوریا بە ناونیشانی " تکایە ئێمە لەبیر مەکەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا VOA

XS
SM
MD
LG