Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت لەوانەیە لەگەڵ سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانیدا کۆببێتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئاماژەی بەوەدا لەوانەیە لەگەڵ سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانیدا کۆببێتەوە و وتیشی هیچ کێشەیەکیشی نیە سەبارەت بەم جۆرە کۆبوونەوەیە.

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەوانەیە ڕووبدات. لەوانەیە ڕووبدات. هیچ کێشەیەکم نیە."

سەرۆک ترامپ لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 سزاکانی سەر ئێرانی توند کردەوە و وتی ڕێکەوتنەکە کەموکورتی تێدایە و لە ڕێکەوتنەکەدا باس لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکانی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا نەکراوە.

لەلای خۆشیەوە ڕۆحانی دەڵێت وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکادا گفتوگۆ ناکات هەتاوەکو واشنتن سزاکانی سەر تاران لانەبات.

سەرۆک ترامپ وتی " پێویستە ئێران بارودۆخی خۆیان باش بکەن چونکە بەڕاستی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان."

هەفتەی ڕابردوو سەرۆک ترامپ وتی دەکرێت لە میانەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک چاوی بە ڕۆحانی بکەوێت.

لەو کاتەدا سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بێگومان هەموو شتێک دەکرێت، ئەوان دەیانەوێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن. دەتوانین لە 24 کاتژمێردا هەموو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین."

ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆحانی وتی " هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکادا، پێشنیاری زۆر هەبوون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتندا بەڵام وەڵامی ئێمە هەمیشە ڕەت کردنەوە دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG