Accessibility links

پەیامی سەرۆک ترامپ بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە


دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیامێکی بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پـێرۆز بڵاوکردەوە و تیایدا پـیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانان دەکات و هیوا دەخوازێت مانگێکی پـڕ خێر و بەرەکەت بێت بۆ هەموو لایەک.

ئەمەش دەقی پەیامەکە:

"لەگەڵ دەرکەوتنی مانگ لە ئەمشەودا، جوانترین پـیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هەموو ئەو موسڵمانانە دەکەم کە چاوەڕێی مانگی ڕەمەزان دەکەن لە ئەمەریکا و سەرانسەری جیهاندا.

لە مانگی ڕەمەزانی پـیرۆزدا، موسڵمانان دابەزینی قورئان بۆ پـێغەمبەر موحەمەد بەرزڕادەگرن لە ڕێگەی کۆبوونەوە و نوێژ و نزاکردن. زۆر کەس ڕێز لەم مانگە پـیرۆزە دەگرێت بە ڕێگای ڕۆژووگرتن و کاری خێرخوازی و نوێژکردن و خەتمکردنی قورئان.

ڕەمەزان کاتێکی تایبەتیە بۆ موسڵمانان کە تیایدا گرنگی بە بەهێزکردنی لایەنی ڕوحی خۆیان دەدەن و سوپاسی یەزدان دەکەن بۆ ئەو هەموو خێر و بەرەکەتەی پـێی بەخشیون. بەو گیانەی کە سوپاسگوزاری خودا دەبن و بە خۆیاندا دەچنەوە، ئەوانەی ڕەمەزان بەرزڕادەگرن دەتوانن کۆمەڵگاکانی ئێمەش بەهێز بکەن و یارمەتی کەسانی موحتاج بدەن و نمونەی باش پـێشکەش بکەن بۆ چۆنیەتی بەسەربردنی ژیانێکی پـیرۆزانە.

ڕەمەزان بەبیرمان دێنێتەوە کە موسڵمانانیش پـێکهاتەی ژیانی ئاینی ئەمەریکایان دەوڵەمەندکردووە. ئێمە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا شانازی دەکەین کە لە سایەی دەستورێکدا دەژین بواری ئازادی ئاینی دەدات و ڕێز لە پەیڕەوکردنی ئاینی دەگرێت. دەستورەکەمان مسۆگەری دەکات موسڵمانانمان دەتوانن ڕەمەزان بەرزڕابگرن بەپـێی ویژدانی خۆیان بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگریـیەک لە لایەن حکومەتەوە بۆ سەریان هەبێت. بەمەش دەستور دەرفەتی جۆراوجۆر دەڕەخسێنێت بۆ تەواوی ئەمەریکایـیەکان تاوەکو تێگەیشتنیان بۆ گیانی مرۆڤ قوڵتربکەن.

لە کاتێکدا زۆرێک یەکیان گرتووە بۆ بەرزڕاگرتنی مانگی ڕەمەزان، مەڵانیا و بەندە هیوای مانگێکی پـڕ خێر و بەرەکەتتان بۆ دەخوازین. ڕەمەزانتان پـیرۆزبێت."

هەروەها مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەویش پەیامێکی بەم بۆنەیەوە بڵاوکردەوە و بە ناوی وەزارەتی دەرەوە پـیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانانی ئەمەریکا و تەواوی جیهان دەکات و هیوادەخوازێت بەخۆشی و شادی ئەم مانگە پـیرۆزە بەسەربەرن.

XS
SM
MD
LG