Accessibility links

سەرۆک ترامپ بەنیازە دووبارە پارکە نیشتیمانیەکان بکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بەنیازە بەپێی ڕێنماییەکان دووبارە پارکە نیشتیمانیەکانی وڵاتەکە و خاکە گشتیەکان بکاتەوە، لە ڕۆژدانی داهاتوودا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە کردنەوەی پارکەکان بڵاودەکرێنەوە.

سەرۆک ترامپ وتی " دەست دەکەین بە کردنەوەی پارکە نیشتیمانی و خاکە گشتیەکان تاوەکو هاوڵاتیانی ئەمەریکا کاتێکی خۆش بەسەر بەرن." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەخستەڕوو.

نوێنەرانی کۆشکی سپی پرسیارەکانیان سەبارەت بە کردنەوەی پارکەکان ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کرد کە دەسەڵاتی هەیە بەسەر خاکە گشتی و پارکە نیشتیمانیەکاندا.

نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ وتی " لە ڕۆژانی داهاتوودا وردەکاری زیاتر بڵاودەکرێتەوە سەبارەت بە پلانەکان بۆ کردنەوەی کۆمەڵێک پارکی دیاریکراو، ئەوەش بەپێی ڕێنماییەکانی ئۆفیسی بەڕێوبەرایەتی و بودجە و پلانەکانی سەرۆک ترامپ دەبێت بۆ دووبارە کردنەوەی ئەمەریکا."

ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ لەکاتێکدا دێت هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا بەنیازن لەم هەفتەیەدا بەزووترین کات چالاکییە ئابوورییەکان دەست پێبکەنەوە، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانیەکانی کاربەدەستانی تەندروستی سەبارەت بەوەی ئەو دەستپێکردنەوەیە ببێتەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG