Accessibility links

ئەمەریکا 60 ملیۆن دۆلار پێشکەشی فەڵەستینییەکان دەکات و 65 ملیۆنی دیکە ڕادەگرێت


بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا 60 ملیۆن دۆلار پێشکەشی دەزگای ئۆنروای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە تایبەتە بە پەنابەرانی فەڵەستین بەڵام 65 ملیۆن دۆلاری دیکە ڕادەگرێت.

وادیارە ئەمەریکا بە ڕاگرتنی هەندێک لە یارمەتییەکانی ئەو هەڕەشەیەی سەرۆکی ئەمەریکا جێبەجێ دەکات کە لە دووی مانگی یەکدا ئاڕاستەی فەڵەستینی کردوو وتی واشنتن ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار دەداتە فەڵەستین و لەبەرامبەردا هیچ ڕێزێکی لێ ناگیردرێت.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسیبووی " ئەوان تەنانەت ناشیانەوێت دانوستان ئەنجام بدەن لەسەر ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا."

وتیشی " بەهۆی ئەوەی کە فەڵەستینییەکان چیتر ئامادە نین بەشداری دانوستانەکانی ئاشتی بکەن، کەواتە بۆچی ئێمە لە داهاتوودا ئەو بڕە زۆرە پارەیەیان بدەینێ؟"

بەرپرسە ئەمەریکییەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە وتی پێویستە دووبارە هەڵسانگاندنێکی ڕیشەیی بۆ ئۆنروا بکرێتەوە لەسەر چۆنێتی ئیشکردنی و کۆمەکیکردنی.

بەرپرسەکە وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە وڵاتانی دیکە بێنە پێشەوە، کە هەندێکیان زۆر دەوڵەمەندیشن و ڕۆڵی خۆیان ببینن لە باشکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG