Accessibility links

سەرۆک ترامپ: سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور تەنها هەنگاوێکی بچووکە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی نوێترین ئەو سزایانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندوویەتی بەسەر کۆریای باکووردا تەنها هەنگاوێکی بچووکە و بەراورد بەوە ناکرێت کە دەبێت چی بکرێت لەگەڵ بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکووردا.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆی دەنگ کۆمەڵێک سزای توندتریان سەپاند بەسەر کۆریای باکووردا و کۆریای باکووری ناچار کرد هەڕەشەی وەڵامدانەوە لە ئەمەریکا بکات.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2006 ەوە تا ئێستا نۆیەمین بڕیارە کە ئەنجومەنەکە دەریدەکات سەبارەت بە بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور.

سەرۆک ترامپ لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری مالیزیا نەجیب عەبدولڕەزاقدا وتی خۆشحاڵە کە مالیزیا چیتر پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ کۆریای باکووردا نەماوە.

سەرۆک ترامپ وتی " پێمان وایە سزاکان تەنها هەنگاوێکی بچووکی ترن و هیچی تر. نازانم ئەگەر کاریگەرییان هەبێت یان نا."

وتیشی " بەڵام ئەم سزایانە هیچ نین بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی دەبێت چی ڕووبدات لە کۆتاییدا."

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئەگەر چین پابەند بێت بە جێبەجێ کردنی سزاکانەوە ئەوا سزای زیاتر دەسەپێنین بەسەر کۆریای باکووردا و ڕێگەی پێنادەین بە دۆلاری ئەمەریکی و جیهانی مامەڵە بکات."

تا ئێستا ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر ئەو بانقە چینی و کۆمپانیایانەدا کە مامەڵە لەگەڵ کۆریای باکووردا دەکەن.

سیاسەت دانەرانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە داوای وەڵامدانەوەیەکی سیاسی بەهێزیان کرد سەبارەت بە تاقیکردنەوە ناوەکیی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور و هەروەها سەپاندنی سزا بەسەر ئەو بانق و کۆمپانیا چینیانەی لەگەڵ کۆریای باکووردا مامەڵە دەکەن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئێد ڕۆیس وتی " پێم وایە دەبێت وەڵامدانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەهێز بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG