Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ڕەنگە پێویست بێت دووبارە کردنەوەی خوێندنگاکان بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە دوابخرێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئاماژەی بەوەدا هەندێک لە خوێندنگاکانی وڵاتەکە دەبێت دووبارە کردنەوەیان دوابخرێت، لەکاتێکدا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا بەردەوام لە زیادبووندایە.

سەرۆک ترامپ پێشتر داوای کردبوو سەرجەم خوێندنگاکانی وڵاتەکە بکرێنەوە، لەم هەفتانەی دواییدا سەرۆک ترامپ وتی ئێستا ڕەوشەکە پارێزراوە بۆ کردنەوەی خوێندنگاکان، لەلای خۆیانەوە دیموکراتەکان دژایەتی کردنەوەی خوێندنگاکانیان کرد.

بەڵام لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، سەرۆک ترامپ وتی لەو شوێنانەدا کە ڤایرۆسەکە تیایاندا زۆر چالاکە " ڕەنگە پێویست بێت دووبارە کردنەوەی خوێندنگاکان بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە دوابخرێت." وتیشی بڕیارەکە لەدەست فەرمانڕەوای ویلایەت و شارەکاندایە.

سەرۆک ترامپ ئەوەشی خستەڕوو دەبێت هەموو خوێندنگاکان ئامادەکاری بکەن بۆ کردنەوە. وتیشی داوا لە کۆنگرێس دەکات 105 ملیار دۆلار بۆ خوێندنگاکان تەرخان بکات، ئەوەش وەکو بەشێک لە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ڤایرۆسەکە.

وتی " ئەگەر خوێندنگاکان نەکرێنەوە، دەبێت ئەو پارەیە بدرێت بە کەسوکاری خوێندکارەکان تاوەکو هەوڵی دابینکردنی شێوازێکی دیکەی خوێندن بدەن بۆ منداڵەکانیان."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG