Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ڕوسیا یارمەتی کۆریای باکوور دەدات لە خۆدزینەوە لە سزاکان


سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرزدا

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ڕوسیا یارمەتی کۆریای باکوور دەدات لە دەستکەوتنی یارمەتییەکاندا بۆ پێشێلکردنی سزا نێودەوڵەتیەکان و پیۆنگیانگ ڕۆژ بە ڕۆژ نزیکتر دەبێتەوە لەوەی ببێتە خاوەنی موشەکی مەودا فراوان کە دەتوانێت بگاتە ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی " ڕوسیا بە هیچ شێوەیەک یارمەتیمان نادات لەبارەی کۆریای باکوورەوە."

وتیشی " ئەوەی کە چین تیایدا یارمەتیمان دەدات ڕوسیا لەناوی دەبات، بە شێوەیەکی تر، ڕوسیا قەرەبووی هەندێک لەو کارانە دەکاتەوە کە چین دەیکات."

سەرۆک ترامپ لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیدا کە 53 خولەکی خایاند گومانی لەوە هەبوو کە دانوستانەکان لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا سوودی هەبێت. هەروەها سەرۆک ترامپ لە ڕابردوودا بەدووریشی نەزانیوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کیمدا ئەنجام بدات.

سەرۆک ترامپ ڕەتی کردەوە لێدوان بدات لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ کیمدا یاخوود نا.

وتی " دادەنیشم، بەڵام دڵنیا نیم لەوەی کە ئەوە کێشەکە چارەسەر دەکات." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو دانوستانانەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا لە ڕابردوودا لەگەڵ کۆریای باکووردا ئەنجامیان داون و هەموو ئەوانە شکستیان هێناوە لەوەی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور ڕابگرن.

سەرۆک ترامپ وتی " دڵنیا نیم لەوەی دانوستانەکان ئەنجامێکی بەسوودیان دەبێت. بۆ ماوەی 25 ساڵ قسەیان کردووە و سەرۆکەکانی پێشوویان هەڵخەڵەتاندووە."

سەرۆک ترامپ ئاماژەشی بە هەوڵەکانی چیندا لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت و خەڵووز بۆ کۆریای باکوور و وتی چین دەتوانێت شتی زیاتر بکات بۆ یارمەتیدان لە وەستاندنی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکووردا.

هەروەها سەبارەت بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی " دەتوانێت شتی زۆ بکات. بەڵام بەداخەوە پەیوەندییەکی باشمان نیە لەگەڵ ڕوسیادا، لە هەندێک کاتدا ئەوەی چین ڕێگەی لێدەگرێت ڕوسیا دەیدات. لەبەر ئەوەیە ئەنجامی کۆتایی وەکو پێویست باش نیە."

سەرۆک ترامپ وتی پیۆنگیانگ پەرەی بە تواناکانیداوە لە بەرهەمهێنانی موشەکێکدا کە بتوانێت بگاتە ئەمەریکا.

وتی " تا ئێستا ئەوەیان بەدەست نەهێناوە. بەڵام لەوەوە نزیکن. ڕۆژ بە ڕۆژ نزیکتر دەبنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG