Accessibility links

سەرۆک ترامپ: تەقینەوەکەی بەیروت وادیارە بەهۆی " جۆرە بۆمبێکەوە " بووە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی تەقینەوە بەهێزەکەی بەیروت کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی هەزاران کەس پێدەچێت هێرش بووبێت.

سەرۆک ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی " ئەمەریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ یارمەتیدانی لوبنان."

وتیشی " وادیارە هێرشێکی زۆر خراپ بووە."

سەرۆک ترامپ لە وەڵامێکدا سەبارەت بەوەی ڕای چیە بەرامبەر تەقینەوەکە وتی لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزای سەربازی ئەمەریکیدا کۆبۆتەوە و ئەوان پێیان وابووە " تەقینەوەکە لەوە نەچووە بەهۆی پڕۆسەی دروستکردنەوە ڕوویدابێت." وتی بەپێی ئەو شارەزایانە تەقینەوەکە لەوانەیە هێرش بووبێت و " جۆرە بۆمبێک تیایدا بەکارهاتبێت."

دوو بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزیان وت ڕوون نیە سەرۆک ترامپ ئەو زانیارییانەی لەکوێوە دەست کەوتووە بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە نادەن تەقینەوەکە هێرش بووبێت.

وتیشیان زانیارییەکان تاوەکو ئێستا نزیکن لەو زانیارییانەی بەرپرسانی لوبنان بڵاویان کردۆتەوە، ئەوەشیان خستەڕوو زانیارییەکان هێشتا سەرەتایین و دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕدرێن.

سەرۆکی لوبنان میشال عەون وتی 2,750 تەن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم لە بەندەرەکەدا خەزن کراوە بەبێ ئەوەی " هیچ ڕێوشوێنێکی سەلامەتی بگیردرێتەبەر." وتیشی ئەمە جێی قبوڵکردن نیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG