Accessibility links

سەرۆک ترامپ سوورە لەسەر ئەوەی ئۆباما فەرمانی کردبێت تەلەفونەکانی تۆماربکەن


کۆشکی سپی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی سەرۆک ترامپ لەوەی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما فەرمانی کردبوو تەلەفونەکانی سەرۆک ترامپ لە تاوەرەکەی لە نیویۆرک تۆماربکرێن، هەرچەندە بەڵگەیەکی تەواو نیـیە.

شان سپایسەر وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو ڕووی ژورێکی پڕ لە پەیامنێران وەستایەوە کە دەیانویست بزانن بۆچی سەرۆک ترامپ هەر سوورە لەسەر قسەکەی تەنانەت دوای ئەوەی یاسادانەرانی هەردوو کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات دەڵێن ئەو کارە نەکراوە.

سیناتۆر کۆماری ڕیچارد بێڕ سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات و سیناتۆر دیموکرات مارک وارنەر جێگری سەرۆکی کۆمیتەکە ڕۆژی پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان" بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستماندایە هیچ بەڵگەیەکمان نەدۆزیوەتەوە بیسەلمێنێت تاوەری ترامپ لە ژێر چاودێریدا بووبێت لە لایەن دەزگایەکی حکومەتی ئەمەریکاوە لە پێش یان لە دوای هەڵبژاردنەکاندا."

شان سپایسەر لە دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکە، وتی کۆمیتەکە لێکۆڵینەوەکانی بە تەواوی ئەنجام نەداوە لەسەر ئەو بەڵگانەی پشتیوانی لە قسەکانی سەرۆک ترامپ دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری یەکێک لە کاربەدەستانی کۆنگرێس بڵاویکردەوە کە وتویەتی ئەندامانی کۆمیتەکە ئەو بەیاننامەیەیان ڕانەدەگەیاند ئەگەر زانیارییان نەبوایە پشتوانی لە قسەکانیان بکات.

سەرۆک ترامپ شەوی چوارشەممە بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی فۆکسی وت لەم زووانە بەڵگەکانی خۆی دەخاتە ڕوو کە دەیسەلمێنن ئۆباما ئەو بڕیارەی دابوو.

دەیڤن نونەس ئەندامی کۆماری و سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەویش وتی" هیچ بەڵگەیەکمان نیـیە بیسەلمێنێت ئەوە بووبێت. بڕوا ناکام تەلەفونەکانی تاوەری ترامپ تۆمارکرابن."

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG