تڕامپ شەمە لە سەر تویتر بڵاوی کردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ کۆریای باکوردا بکرێت ئەوا ڕێککەوتنێکی "زۆر باش" دەبێت بۆ جیهان و پێویستە کات و شوێنیش دیاری بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆریای باکور بەردەوامە و ئەگەر ئەنجامبدرێت ئەوا ڕێککەوتنێکی زۆر باش دەبێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادات هەتا هەنگاو و بڕیاری کرداری لەلایەن کۆریای باکورەوە نەدرێت.
سارا سەندرز وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکدا پتر روونیکردەوە و گوتی: "ئەگەر کۆریای باکور دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی بێت، هەنگاوێکی گەورەیە و تەواوی جیهان سەلامەت دەبێت."
دوو ڕۆژ لەمەوبەر کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ ڕازیبووە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور کیم جۆن ئون دا کۆببێتەوە، هاوکات کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیری کۆریای باشور دەبێت و پێدەچێت مانگی ئایاری داهاتوو ئەنجام بدرێت.
ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشحاڵە بە کۆبوونەوەکەی نێوان ترامپ و کیم جۆن ئون.
ئاماژەى بەوەشکردووە "گوتێرێس پشتیوانی لە گشت ئەو ھەوڵانە دەکات کە بە ئامانجی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا خراونەتەگەڕ". و هەوڵەکان بەردەوامن.