Accessibility links

کۆشکی سپی: سەرۆک ترامپ لە مانگی پێنج بەشداری لە کۆنگرەی ناتۆ دەکات


کۆشکی سپی ڕایگەیاند دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەی کۆنگرەی ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەبێت کە بڕیارە لە 25 ی مانگی پـێنج لە برۆکسل سازبکرێت.

کۆشکی سپی شەوی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی" سەرۆک دەیەوێت لەگەڵ هاوتاکانی لە ڕێبەرانی ناتۆ کۆببێتەوە بۆ ئەوەی وابەستەیی ئەمەریکا بە ناتۆ دووپات بکاتەوە و هەروەها بۆ تاووتوێکردنی پرسە گرنگەکانی هاوپەیمانێتیەکە بە تایبەتی دابەشکردنی بەرپرسیارێتیەکان و ڕۆڵی ناتۆ لە شەڕی دژی تێرۆرزمدا."

بەیاننامەکە باسی لەوەش کرد سەرۆک ترامپ لە 12 ی مانگی چوار لە کۆشکی سپی پێشوازی لە یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ دەکات بە مەبەستی وتووێژکردن سەبارەت بە چۆنیەتی بەهێزکردنی هاوپەیمانێتیەکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و گرفتەکانی دووچاری ئاسایشی نیشتمانی و نێونەتەوەیی دەبنەوە.

پێشتر خاتوو ئوانا لونگیسکو وتەبێژی ناتۆ لە برۆکسل ڕایگەیاند ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە 25 ی مانگی پێنج لە برۆکسل کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی چەند بابەتێکی گرنگ، لەوانە ڕۆڵی ناتۆ لە نەهێشتنی تێرۆر و چۆنیەتی دابەشکردنی ئەرک و خەرجیەکان بە شێوەیەکی باشتر لە نێو ئەندامەکاندا.

ئەگەر بێت و هەتا ئەو کاتە سەرۆک ترامپ سەردانی هیچ وڵاتێک نەکات، ئەوا ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی دەرەوەی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG