سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی سوریا بهێنرێت و تێرۆرستان لەو وڵاتە دووچاری شکست بکرێن و ڕێگە بە ئاوارەکان بدرێن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
پاش نیوەڕۆی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ، سەرۆک ترامپ ئەمەی ڕاگەیاند و وتی دەبێت هەموو پـێکەوە کاربکەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کارەساتەی لە سوریادا ڕوودەدات.
دووپاتی کردەوە بڕیاری لێدانی فڕۆکەخانەی لەشکری شعێراتی سوریا بڕیارێکی ڕاست بووە و سوپای ئەمەریکا بە سەرکەوتووانە کارەکەی ئەنجامداوە.
پاشان سەرۆک ترامپ سوپاسی ئەندامانی ناتۆی کرد لەسەر ئەوەی پشتیوانیان لە بڕیارەکەی کرد وەکو وەڵامێک لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەدەوە. لەگەڵ ئەوەش چیتر ڕەخنەی لە ناتۆ نەگرت وەکو سەروەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا.
وتی" پێشتر وتومە سەردەمی ناتۆ بەسەرچوو، بەڵام ئێستا دەڵێم نا" هەروەها وتیشی ناتۆ باشتر لە پـێشوو کار لە دژی داعش دەکات.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز