Accessibility links

بەڕێوبەری پێشووی ئێف بی ئای وەک بەرپـرسی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکەی ڕوسیا دەسـتنیشان دەکرێت


بەپێی وەزارەتی دادی ئەمەریکا بەڕێوبەرێکی پێشووی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی وەک بەرپـرسی لێکۆڵینەوەکان دەستنیشانکرا لە کەیسی تایبەت بە هەوڵەکانی حکومەتی ڕوسیا بۆ کارکردنە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ڕابردوو و ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بەوەوە هەیە".

سەرۆک ترامپ لە بەیاننامەیەکدا وتی " لێکۆڵینەوەیەکی چڕ لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە دەیزانین، هیچ بەریەککەوتنێک نەبووە لە نێوان کەمپینەکەی من و وڵاتێکی دەرەوەدا، بە تاسەوە چاوەڕێی ئەم دۆسییەیە دەکەم بەخێرایی کۆتایی پێ بێت."

دوای ئەوەی دەستنیشانکرا میولەر وتی " ئەم بەرپەرسیارێتییە وەردەگرم و ئەوەی لە توانامدا بێت بە باشترین شێوە ئەنجامی دەدەم."

شایەنی باسە میولەر 12 ساڵ بەڕێوبەری ئێف بی ئای بوو هەتاکوو ساڵی 2013 جەیمس کۆمی شوێنەکەی گرتەوە کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن سەرۆک ترامپەوە لەکارەکەی دوورخرایەوە کە ئەوەش بووە هۆی دروستکردنی گێژەڵووکەیەکی سیاسی.

میولەر ڕوونیکردەوە کە بەتەواوەتی دووردەکەوێتەوە لە وەزارەتی داد و ئێف بی ئای، وتی کە بودجەی خۆی هەیە و دەتوانێت ستافی خۆی بەکرێ بگرێت و هیچ پەیوەندییەکی نەبێت بە ئێف بی ئایەوە و لەگەڵ لێکۆڵینەوەکەشدا بڕوات تا دەگاتە ئەنجام.

سیناتۆری کۆماری ڕیچارد بێر و مارک وارنەری سیناتۆری دیموکرات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەستنیشانکردنەکەی میولەریان بە گەشەسەندنێکی ئەرێنی ناودێرکرد و وتیان ئەو دەستنیشانکردنە تۆزێک دڵنیایی دەداتە خەڵکی ئەمەریکا کە لێکۆڵینەوەکە دادپەروانە بەڕێوەدەچێت و کاریگەری سیاسی بەسەرەوە نابێت.

هەروەها کریس کوونسی سیناتۆری دیموکراتەکان و ئەندام لەلیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەبارەت بە دەستنیشانکردنەکەی میولەر وتی " تەواو پێویستە" و وتیشی ناوبانگی میولەر لە جێبەجێکردنی یاسا و فشارخستنە سەر بەڕێوبەرایەتییەکە " بەتەواوەتی ئەوەیە کە ئەم دۆسییەیە دەیەوێت."

هەروەها نانسی پێلۆسی سەبارەت بە میولەر وتی " میولەر خزمەتکارێکی گشتی ڕێزدارە، بەڵام دیاریکردنی جێبەجێکارێکی تایبەت یەکەم هەنگاوە و نابێت کۆتا هەنگاویش بێت."

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG