Accessibility links

دانۆڵد تڕامپ دەلێت ناهێڵن ئێران خاوەنی چەکی ناوکی بێت


مێرکڵ گوتی ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین کە ڕێکەوتنە ناوکییەکە یەکەم هەنگاو بۆ پێشگیری کردن لە ئێرانە کە دەستی بە چەکەکانی ئەتۆمی ڕانەگات.

سەرۆکی ئەمەریکا هەینی دوای گفت و گۆ لە گەڵ سەرۆکی حکومەتی ئاڵمان لە کۆشکی سپی، گوتی سەبارەت بە ئێران وتووێژمان کردووە و دەبێت دڵنیا بین کە ئەو رژیمە خوێنڕێژە دەستی بە چەکەکانی ئەتۆمی نەگات.

دانۆڵد تڕامپ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ ئانگێلا مێرکڵ گوتی، هەر شوێنێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست توند و تیژی و خوێنڕێژییە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەو شوێنە ئامادەیە.

پرسیار لە تڕامپ کرا ئەگەر سازان سەرنەگرێت، داخوا لە هێزی لەشکری کەڵک وەردەگرن، کە گوتی، سەبارەت بە هێزی لەشکری ناتوانم شتێک بڵێم، بەڵام ئەوان خاوەنی چەکی ناوکی نابن. ئەو قسەیەی من بە جیدی وەرگرن.

مێرکێل گوتی، ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین کە ڕێکەوتنی ناوکی ٢٠١٥ یەکەم هەنگاو بۆ پێشگیری کردن لە ئێرانە کە دەستی بە چەکەکانی ئەتۆمی ڕانەگات. هەڵبەت باوەڕم وایە کە ئێران تێکۆشانی تێکدەرانەی دیکەی هەیە.

ئەو خانمە گوتیشی، ئەوروپا لە گەڵ ئەمەریکایە و دەزانین کە ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سوریە و لوبنان دا هەوڵ دەدات کارتێکردنی خۆی هەبێت و دەبێت پێشی ئەوە بگرین.

هەروەها گوتی، دەبێت بزانین ئەمەریکا سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوکی ئێران چ بڕیارێک دەدات. ئاسایشی تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئێمە گرنگە. ئێمە نیگەرانین، چونکە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەودای سنووری چەند سەد کیلومێتری هەیە و هەر بڕیاریک بۆ ئێمە کە دراوسێێ ئەوانین، شوێندانەرتر دەبێت لە بەراورد لە گەڵ ئەمەریکا کە لە ئێمە دوورترە.

چاو پێکەوتنی سەرۆکی حکومەتی ئاڵمان لە گەڵ تڕامپ ماوەیەکی کورت دوای وتووێژەکانی سەرۆک کۆماری فەڕانسە ئێمانوێل مەکڕۆن لە گەڵ سەرۆک تڕامپ لە واشنگتن ئەنجام دەدرێت کە ڕێکەوتنی ناوکی بابەتی سەرەکی وتووێژەکانی نێوانیان بوو.

بەریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان کە نەخشێکی بەرچاویان لە گەیشتن بە ڕێکەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران هەبوە، هەوڵدەدن پێش دواین موڵەتی ١٢ی مانگی ٥ پێشی چوونە دەری ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە بگرن.

XS
SM
MD
LG