Accessibility links

کۆتایی هاتنی لە ناکاوی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم بەبێ ڕێکەوتن


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ناکاو کۆتایی بە کۆبوونەوەی دووەمی هێنا لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکوور کیم جۆن ئوندا لە هانۆی کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر داماڵینی چەکی ناوەکیی پیۆنگیانگ، بەبێ ئەوەی بگەن بە ڕێکەوتنێک.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند هۆکاری ڕۆشتنەکەی بەهۆی ناۆکۆکیانەوە بوو سەبارەت بە سزاکان.

سەرۆک ترامپ و کیم لە کۆبوونەوەی یەکەمیاندا بەڵێنیاندا کاربکەن بۆ داماڵینی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا بەڵام تا ئێستا هەردوولا ڕێناکەون لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە.

سەرۆک ترامپ پێش ئەوەی هانۆی بەجێبهێڵێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " هەندێک کات دەبێت کۆبوونەوەکە بەجێبهێڵیت ئەمەش یەکێک بوو لەو کاتانە." ئاماژەی بەوەدا دانوستانەکان بەربەستیان هاتە بەردەم بەهۆی بابەتی سزا ئابووریەکانی سەر کۆریای باکوورەوە کە بەهۆی بەرنامە موشەکیی و ناوەکییەکەیەوە بەسەریدا سەپێندراون.

سەرۆک ترامپ وتی " دەمویست دوای ئەوە بەردەوام بم." سەرۆک ترامپ لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە وتی " ئەو وتی تاقیکردنەوەی موشەکیی و ناوەکیی ئەنجام نادات."

کۆشکی سپی لە سەرەتادا وتی ئاهەنگێکی واژۆکردنی هاوبەش و نیوەڕۆخوانێکی کار دەبێت لەنێوان سەرۆک ترامپ و کیمدا. بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک کۆتاییان هێنا بە کۆبوونەوەکان.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند " کیم و سەرۆک ترامپ کۆبوونەوەیەکی بنیادنەرانەیان ئەنجامداوە و گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک ڕێگە کردووە تاوەکو بەردوامبن لە بابەتەکانی داماڵینی چەکی ناوەکیی و بابەتی ئابووریدا." وتیشی " بەڵام لە ئێستادا نەگەیشتوون بە هیچ ڕێکەوتنێک، بەڵام تیمەکانیان لە داهاتوودا لەوانەیە کۆببنەوە."

سەرۆک ترامپ وتی " پەلەم نیە ، خێرایی زۆر گرنگ نیە بۆ من" جەختی لەوە کردەوە دەیەوێت بگات بە ڕێکەوتنێکی باش.

سەرۆک ترامپ چەند جارێک وتوویەتی پێویست ناکات پەلە بکرێت لەپێناو ڕازیکردنی کۆریای باکووردا تاوەکو دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی بێت.

لەلای خۆیەوە کیم جۆن ئون وتی نە دەهات بۆ هانۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا ئەگەر ئامادە نەبووایەبۆ داماڵینی چەکی ناوەکیی.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG