Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت کۆبوونەوەی دووەمی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور لە ئامادەکردندایە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی دووەمی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا و پێی وایە پیشڕەوییەکی باش کراوە لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکووردا.

سەرۆک ترامپ وتی " کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت و ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکرێت."

وتیشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ گفتوگۆیەکی زۆر باشی لەگەڵ کیمدا ئەنجامداوە و گفتوگۆ لەسەر سێ چوار شوێن دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی نێوان دوو وڵاتەکە.

وتیشی " کاتەکە زۆر دوور نابێت."

جێی ئاماژەیە لە 12 ی مانگی شەشدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە سەنگاپوور کۆبوونەوەیەکی مێژووییان ئەنجامدا و تیایدا بەڵێندرا بۆ کارکردن لە پێناو داماڵینی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی وتی " ئێستا موشەک هەڵنادرێت و تاقیکردنەوەی ناوەکیی ئەنجام نادرێت. پیشڕەوییەکی زۆر باشمان کردووە، زیاتر لە باش."

وتیشی " بەڵام ڕازیبووم کۆبوونەوەکە ئەنجام بدەم. پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ ڕابەر کیمدا. من خۆشم دەوێت و ئەویش منی خۆش دەوێت، پەیوەندییەکەی باشە."

پەمپیۆ وتی هەردوولا نزیک بوونەتەوە لە واژۆکردنی ڕێکەوتنێک لەسەر وردەکاری کۆبوونەوەی دووەم.

سەرۆک ترامپ ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا سزا سەپێندراوەکانی سەر کۆریای باکوور لانابات.

وتی " دەمەوێت لایان ببەم، بەڵام پێویستە لە بەرامبەردا شتێکمان دەست بکەوێت."

وتیشی کۆریای باکوور زۆر گرنگی بەوە دەدات بگات بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکیی تاوەکو بتوانێت ئابووری وڵاتەکە ببوژێنێتەوە لەڕێی وەبەرهێنانە بیانییەکانەوە کە ئێستا لەبەردەمیدا داخراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG