Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت نامەیەکی هاوڕێیانەی بۆ ڕابەری کۆریای باکوور ناردووە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی " نامەیەکی هاوڕێیانەی " بۆ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ناردووە وەکو وەڵامێک بۆ نامەکەی کیم جۆنگ ئون کە هەفتەی ڕابردوو بۆ سەرۆک ترامپی ناردبوو و تیایدا پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوونی لە سەرۆک ترامپ کردووە.

ئەم نامە گۆڕینەوەیەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ لەکاتێکدا دێت کە دوو وڵاتەکە هێشتا ناکۆکن لەسەر داهاتووی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور و پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە گەشتەکەی بۆ ئاسیای باشوور دەست پێبکات.

سەرۆک ترامپ وتی ئەو نامەیەی هەفتەی ڕابردوو لە کیمەوە پێی گەیشتووە پیرۆزبایی بووە لە ڕۆژی لە دایکبوونەکەی.

وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرز لە بەیاننامەیەکدا وتی " گۆڕینەوەی نامەکان لەنێوان دوو سەرۆکەکەدا بەردەوامە."

سەرەڕای گرژییەکان سەبارەت بە ئارەزووی کۆریای باکوور بۆ چەکی ناوەکیی، سەرۆک ترامپ هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کیمدا هەیە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی هیوادارە ئەم نامەیەی سەرۆک ترامپ ناردوویەتی بۆ کیم ببێتە ڕێگەخۆشکەرێک لەبەردەم دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی پیۆنگیانگ کە ماوەیەکی زۆرە دانوستانەکان ڕاگیراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG