سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی بەرواری کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە دیاریکردندایە.
هەروەها سەرۆک ترامپ سەبارەت بە هەوڵەکانی چین وتی " لە بارەی کۆریای باکوورەوە، بەڕاستی ئەوا یارمەتیەکی زۆریان داوین. زۆر باش بوون لە یارمەتیدانمان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک."
وتیشی " ئێستا کاتی کۆبوونەوەکەی نێوان من و کیم جۆنگ ئون دیاری دەکرێت. پێم وایە زۆر باش دەبێت. پێم وایە ئێمە زۆر بە ڕێزەوە بەشداری تێدا دەکەین و بزانین چی ڕوودەدات."
هەروەها سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و پەکین بەباشی بەڕێوە دەچن، بەڵام لێدوانە فەڕمیەکانی چین ئاماژە بە بوونی ناکۆکی دەدەن، کە ئەوەش بۆتە هۆی ترس لە هەڵگیرسانی جەنگی بازرگانی.
سەرۆک ترامپ وتی " بەباشی بەرەو پێشەوە دەڕۆین و پێم وایە کاری زۆر مەزن دەکەین." وتیشی نەهێشتنی چەکی ناوەکیی شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ ئەوان و هەمووانیش."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز