Accessibility links

سەرۆک ترامپ پێشبینی ئەوە دەکات بەمزووانە لەگەڵ کۆریای باکووردا کۆدەبێتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی پەیامەکەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونی بەدەست گەیشتووە و پێشبینی ئەوە دەکات بەمزووانە لەگەڵیدا کۆببێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمەریکادا بۆ ناچارکردنی کۆریای باکوور تاوەکو دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت.

سەرۆک ترامپ بەرگری لە دانوستانەکانی کرد لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا و وتی هەرگیز نەیوتووە پیۆنگیانگ بە خێرایی دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی دەبێت.

جێی ئاماژەیە لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو لە سینگاپوور، سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور بەڵێنیاندا پێکەوە کاربکەن لەپێناو داماڵینی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دورگەی کۆریادا، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ پێشڕەوییەکی بەرچاو بە ئاڕاستەی داماڵینی چەک بەدی نەکراوە.

کیم لە وتارەکەی ڕۆژی سێشەممەدا وتی ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت لەگەڵ سەرۆک ترامپدا کۆببێتەوە بەڵام هۆشیاریشیدا لەوەی وڵاتەکەی لەوانەیە ئاڕاستەیەکی دیکە بگرێتەبەر ئەگەر هاتوو ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی بۆ سەر کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG