Accessibility links

وەزیرێکی ئەمەریکی: مەرجی سەرۆک ترامپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا ئەنجام نەدانی تاقیکردنەوەی ناوەکیی و موشەکییە


وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ستیڤن منوچین وتی مەرجی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا ئەوەیە کە کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی ناوەکیی و موشەکیی ئەنجام نەدات.

منوچین وتیشی متمانەی بەوە هەیە کە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.

لە پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرس کە وتی هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادرێت بەبێ ئەوەی کۆریای باکوور هەندێک ڕێوشوێنی بەرجەستە نەگرێتەبەر، منوچین وتی " پێویست ناکات شڵەژان دروست ببێت."

وتیشی " سەرۆک مەرجەکانی ڕوون کردۆتەوە ئەوەش ئەوەیە کە کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام نەدات و ئەمە مەرجێک دەبێت هەتاکوو کاتی کۆبوونەوەکە."

دوای چەند مانگێک لە زیادبوونی گرژییەکان بەهۆی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوورەوە، سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕازیبوو چاوی بە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بکەوێت و ببێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا بڕیار بدات ئەوە بکات.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە وتی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکان لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکووردا لەوانەیە بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک تەواو ببێت یاخوود ببێتە مەزنترین ڕێکەوتنی جیهان بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

منوچن ئەو ڕەخنانەی ڕەت کردەوە کە ئاڕاستەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ کراون بەوەی کە ئەم کۆبوونەوەیە پێگەی ڕابەری کۆریای باکوور باش دەکات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و وتیشی سەرۆک ترامپ ڕەخنەشی لێدەگیرا بەوەی کە بەشێوەیەکی زۆر پشتی نەدەبەست بە چارەسەری سیاسیی بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور.

وتی " ئێستا هەلێکمان لەبەردەستدایە سەرۆک دەتوانێت سیاسەت بەکاربهێنێت بەڵام ئێمە لەو فشارە چڕانە ناوەستین. ئەمە جیاوازییە گەورەکەیە لێرەدا. سزاکان هێشتا هەن. ڕەوشی سەربازیی هێشتا وەکو خۆیەتی، بۆیە سەرۆک دەیەوێت بزانێت دەگاتە ڕێکەوتنێک یاخوو نا."

وتیشی هۆکاری کۆبوونەوەی دوو سەرۆکەکە نەهێشتنی چەکی ناوەکییە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

وتی " هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، ئەمە ئامانجەکەیە و بەدەستی دەهێنین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG