Accessibility links

سەرۆک ترامپ هیوادارە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکووردا سەرکەوتوو بێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هیوای خواست کۆبوونەوەکەی داهاتووی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا سەرکەوتوو بێت دوای ئەوەی بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ سەردانی پیۆنگیانگی کرد، بەڵام هۆشیاریشیدا لەوەی کە لەوانەیە لێی بکشێتەوە ئەگەر هاتوو هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

سەرۆک ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی وتی فشارەکان بەردەوام دەبن لەسەر کۆریای باکوور تاوەکو دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی دەبێت.

وتیشی واشنتن داوای ڕزگارکردنی ئەو سێ ئەمەریکییە دەکات کە لە کۆریای باکوور دەستگیرکراون و هەلێکی باش هەیە بۆ ئەوە.

سەرۆک ترامپ لە پاڵم بیچی ویلایەتی فلۆریدا وتی " هیوای کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو دەخوازم لەگەڵ کیمدا."

وتیشی " ئەگەر بزانم کۆبوونەوەکە هیچ بەرهەمێکی نابێت و ئەگەر بەرەو ئەوێ ڕۆیشتم و کۆبوونەوەکە ئەنجامی نەبوو ئەوا بە ڕێزەوە بەجێی دەهێڵم."

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک ترامپ وتی پۆمپەیۆ کە یەکێکە لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی و دەستنیشانی کردووە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی پیۆنگیانگی کردووە و لەگەڵ کیمدا کۆبۆتەوە وپەیوەندییەکی باشی دروست کردووە و یەکەمین بەرپرسی ئەمەریکییە کە لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکووردا کۆبۆتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکی ڕوونیان کردەوە کە لە پشووی جەژنی ئیستەردا پۆمپەیۆ سەردانی پیۆنگیانگی کردووە و چاوی بە کیم کەتووە. لە 31 ی مانگی سێیەوە تاوەکو 2ی مانگی چوار.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسیویەتی " مایک پۆمپەیۆ هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا کۆبۆتەوە لە کۆریای باکوور. کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوەچووە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵیدا دروست کردووە. ئێستاش کار لەسەر وردەکاری کۆبوونەوەکە دەکرێت. نەهێشتنی چەکی کیمیایی تەنها کارێکی مەزن نابێت بۆ جیهان بەڵکو بۆ کۆریای باکووریش مەزن دەبێت."

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی پۆمپەیۆ لەمیانەی سەردانەکەیدا باسی لە زیندانیە ئەمەریکییەکانیش کردووە لەگەڵ کیمدا و ئەمەریکا هیوادارە ڕزگار بکرێن.

سەردانەکەی پۆمپەیۆ بەهێزترین ئاماژەیە لەسەر ئامادەیی سەرۆک ترامپ بۆ ئەوەی ببێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکووردا کۆببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG