Accessibility links

سەرۆک تڕامپ بە فەرمی ڕایگەیاند کە خەلافەتی داعش لە عێڕاق و سوریادا کۆتایی پێهاتووە


هەروەها جان بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە لێدوانێک دا جەختی کرد کە ئەمەریکا جم و جۆڵی پاشماوەکانی داعش لە نزیکەوە دەخاتە ژێرچاودێری.

دانۆڵد تڕامپ سەرۆکی ئەمەریکا شەمە ٢٤ی مانگی سێی زاینی (سێی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی) بە فەرمی ڕایگەیاند کە تەواوی ناوچە داگیرکراوەکانی ژيردەستی دا‌عش لە سوریا و عێڕاقدا ئازاد کرا و خەلافەتی ئەو تاقمە توندڕەوە لە ئەو دوو وڵاتەدا بە تەواوی لە ناوبردراوە.

سەرۆک تڕامپ لە لێدوانێک دا گوتی، "بە شانازییەوە ڕادەگەیەنم بە هاوکاری لایەنەکانمان لە هاوبەندی جیهانی بۆ شکستدانی داعش، لە نێویان دا هێزەکانی ئاسایشی عێڕاق و هێزەکانی سوریای دێمۆکڕات،ویلایەتەیەکگرتووەکان هەموو ناوچەکانی ژير دەسەڵاتی داعشی لە سوریا و عێڕاق لە سەدا سەد ئازاد کردووە."

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "تەنیا دوو ساڵ پێش، داعش بەشەکانی بەرفرەوانی خاکی عێڕاق و سوریای لە بەردەستدابوو. لە ئەو کاتەوە تا ئيستا، ئێمە زیاتر لە ٢٠ هەزار مایل(٥١٨ هەزار کیلومێتری چوارگۆشە) لە ئەو ناوچانەمان ئەستاندۆتەوە و ملیۆنها لە خەڵکی سوریا و عيڕاقمان لە ئەو 'خەلافەتە'ی داعش ڕزگار کرد."

سەرۆک تڕامپ لە دريژەی لێدوانەکەدا دەڵێت کە ڕووخانی خەلافەتی داعش وەک گەواهێکی دیکە لە تێگەیشتنی بە هەڵەی ئەو گرووپە توندڕەوەی لە ئیسلام زانی کە لە هەوڵدا بوو بە کردارەکانی بێ بەزەییانەی خۆی، هەروەها کوشتنەکانی وەحشیانە، کەڵکی خراپ وەرگرتن لە منداڵان وەک شەڕکەر، و ئازاردانی جینسی ژنان و منداڵان و کوشتاری ئەوان، بە کارێكی ڕەوا بزانێت.

ئەو هەروەها بە هەموو ئەو گەنجانەی کە بانگەشەی داعشیان لە سەر ئێنترنێت باوەڕکردوە هوشداریدا کە ئەگەر تێکەڵ بە ئەو تاقمە بن، دەکوژرێن و جەختی کرد کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی هەوڵەکانی دژە تێرۆری خۆی لە جیهان دا دريژە پێدەدەن و هەروا بەرامبەر بە داعش هوشیار دەبن.

سەرۆک ترامپ لە کۆتایی ئەو لێدوانەدا کە کۆشکی سپی بڵاوی کردۆتەوە، وێڕای ئەوە کە ئەمەریکا هەر کات و لە هەر کوێیەک پێویست بێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات، گوتی کە "ئێمە بە هاوکاری لایەنەکان و هاوپەیمانان بۆ لە ناوبردنی بە تەواوی تيرۆریستەکانی توندڕەوی ئیسلامی هەوڵی خۆمان درێژە پێدەدەین."

XS
SM
MD
LG