Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئێران لە حاڵەتی پەشۆکاویدایە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی هێشتا کراوەیە لەبەردەم ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان واشنتن و تاراندا بەڵام ئاماژەی بەوەدا ئێران ئێستا لە حاڵەتی پەشۆکاویدایە و کۆشش دەکات لەپێناو مانەوەدا.

سەرۆک ترامپ پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شازادەی کوەیتدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێران ئێستا لە حاڵەتی پەشۆکاویدایە. ئەوان لە پەشۆکاوییەکی تەواودان." بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەسەر لێدوانەکەی نەدا.

سەرۆک ترامپ وتیشی " ئێستا ئەوان تەنها نیگەرانی ئەوەن کە وەکو وڵاتێک بمێننەوە. بزانین چی دەبێت لەگەڵ ئێراندا و بزانین دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن یاخوود نا. ئەوە بڕیاری خۆیانە نەک من. من هەمیشە ئامادە دەبم بەڵام گرنگ نیە بە هەر ئاڕاستەیەکدا بێت."

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ لە مانگی پێنجدا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێرانە. سەرۆک ترامپ دوای کشانەوەکە سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە کە پێشتر بەپێی ڕێکەوتنەکە لابرابوون.

سەرۆک ترامپ لە مانگی پێنجدا وتی دەیەوێت چاوی بە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی بکەوێت بە بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەڵام ڕۆحانی ڕەتی کردەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا کۆببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG