Accessibility links

سەرۆک ترامپ بەنیازە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بگوازێتەوە بۆ قودس


نەبیل ڕەدینە، وتەبێژی سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس
نەبیل ڕەدینە، وتەبێژی سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس

وتەبێژی سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس، نەبیل ئەبو ڕەدینە وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە مەحمود عەباسی ڕاگەیاندووە کە بەنیازە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بگوازێتەوە بۆ قودس، ئەمەش لەنێوەندی شەپۆلێکی توڕەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرامبەر هەر بڕیارێکی تاکلایەنەی ئەمەریکا سەبارەت بە شارە مێژوییەکە.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ڕایانگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لەوانەیە دان بنێت بە قودسدا وەکوو پایتەختی ئیسڕائیل لەکاتێکدا گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس بۆ شەش مانگ دوادەخات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی فەرمان بە یاریدەدەرەکانی دەکات بەخێرایی پلانێک دابنێن بۆ هەنگاوێکی لەم جۆرە. بەڵام بەرپرسان وتیشیان هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.

ئەگەر واشنتن ئەوەی کە ئیسڕائیل مافی بەسەر هەموو شارەکانەوە هەبێت و بتوانێت پایتەختێک دیاری بکات پەسەند بکات ئەوا کۆتایی بەو سیاسەتە دەهێنێت کە ئەمەریکا بۆ ماوەی دەیان ساڵە پەیڕەوەی دەکات سەبارەت بە ناوچەکە و سیاسەتەکەش ئەوەیە کە دەبێت ڕەوشی قودس لەڕێی دانوستانەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

جێی ئاماژەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە دەسەڵاتی ئیسڕائیل بەسەر قودسدا نانێت.

ئەم هەواڵەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لە جیهانی عەرەبیدا و مەحمود عەباسی سەرۆکی فەڵەستینیش تەواو دژی ئەو ڕێوشوێنەیە کە ئەمەریکا بەنیازە بیگرێتە بەر و دەڵێت ئەوە گرژییەکان زیاتر دەکات.

ئەبو ڕەدینە وتی " سەرۆک مەحمود عەباس پەیوەندییەکی تەلەفونی بۆ هاتووە لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە و پێی وتووە کە بەنیازە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ قودس."

ئەبو ڕەدینە وتی عەباس " هۆشیاریداوە لەسەر ئەم جۆرە هەنگاوانە و وتوویەتی ئەم جۆرە بڕیارانە دەبنە هۆی هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان."

هەروەها دیوانی پاشایی ئوردن وتی سەرۆک ترامپ پەیوەندی کردووە بە پاشا عەبدوڵای دووەمەوە و پێی وتووە بەنیازە بڕیار بدات باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئیسڕائیل بگوازێتەوە بۆ قودس.

دیوانی پاشایەتی لە زاری پاشای ئوردونەوە بڵاویکردەوە وتوویەتی " ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ دەرەنجامی پێچەوانەیی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا لەناودەبات بۆ دەست پێکردنەوەی هەوڵە ئاشتییەکان و هەستی موسوڵمانەکان و مەسیحییەکان بریندار دەکات."

ئیسڕائیل کاتسی وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل کە هەفتەی پێشووی چاوی بە بەرپرسانی ئەمەریکی کەوت لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیل وتی " پێم وایە سەرۆک دان دەنێت بە قودسدا وەکو پایتەختی هەتا هەتایی گەلی جوولەکە."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئەگەر هاتوو سەرۆک ترامپ ئەو بڕیارە بدات ئایا ئیسڕائیل ئامادە دەبێت بۆ گرژییەکان؟ کاتس لە وەڵامدا وتی " ئێمە بۆ هەموو بژاردەیەک ئامادەین. هەرشتێک لەمانە. ئەگەر ئەبو مازن " عەباس " بابەتەکان بەو ئاڕاستەیەدا بەرێت ئەوا هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکات."

جێی ئاماژەیە تورکیا ڕۆژی سێشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر سەرۆک ترامپ دان بنێت بە قودسدا وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ئەوا پەیوەندییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەبڕێت.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان وت هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا زۆر نیگەرانن سەبارەت بەم بابەتە و بەرپرسانی فەڵەستینی و سعودیە و جیهانی عەرەبیان ئاگادارکردۆتەوە سەبارەت بەوەی لەم جۆرە جووڵانە دەبێتە هۆی گرژییەکی زۆر لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی حیزبەکەیدا وتی " بەڕێز سەرۆک ترامپ، قودس هێڵی سوورە بۆ موسوڵمانەکان."

وتیش"لەوانەیە ئەمە بگاتە ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ببڕین، ئاگاداری ئەمەریکا دەکەمەوە کە ئەم جۆرە هەنگاوە نەنێت چونکە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی کێشەکانی ناوچەکە."

ئیسڕائیل کاتس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی " ئێمە فەرمان یاخوود هەڕەشە لە سەرۆکی تورکیاوە وەرناگرین."

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی ڕۆژی سێشەممە وتی " هەر کارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی هەوڵە ئاشتییەکان بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی جیا بۆ فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلییەکان دەبێت بەتەواوەتی خۆیانی لێ بەدووربگرن."

وتیشی " دەبێت لەڕێی دانوستانەکانەوە دەبێت ڕێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی بابەتی قودس وەکو پایتەختێکی داهاتووی دوو دەوڵەتەکە." هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە هەوڵەکانی دانوستانەکانی ئاشتی دەکات.

جێی ئاماژەیە هەریەک لە سەرۆکی میسڕ عەبدول فەتاح سیسی و سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادیشی دژی ئەم ڕێوبشوێنەی ئەمەریکان کە بەنیازە بیگرێتە بەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG