Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە ژاپۆن: هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێت چارەسەرەکانی ئەمەریکا بەکەم سەیر بکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا بەرەو پێنج وڵاتی ئاسیا دەچێت و ئامانجی گەشتەکەش فشار خستنە سەر کۆریای باکوورە تاوەکوو واز لە بەرنامە ناوەکییەکەی بهێنێت، هەروەها هۆشیاریشدا وتی " هیچ کەسێک، هیچ دیکتاتۆرێک، هیچ ڕژێمێک، ناتوانێت چارەسەرەکانی ئەمەریکا بە کەم سەیر بکات."

سەرۆک ترامپ لە بنکەی سەربازیی ئاسمانی یۆکۆتا لە ژاپۆن وتی " پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا ، جەنگاوەرەکانی ئەمەریکا ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان بە بەکارهێنانی توانا بێ هاوتاکانمان. جار جارە لە ڕابردوودا بە کەم سەیریان کردووین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە بۆ ئەوان باش نەبووە، باش بووە؟ باش نەبووە."

سەرۆک ترامپ بەردەوام بوو لە لێدوانەکانی و وتی " مێژوو چەند جارێک سەلماندوویەتی کە ڕێگەی چەوسێنەرەوەکان ڕێگەیەکی ڕێکە بەرەو هەژاری و ئازار چەشتن و بەندایەتی. بەڵام ڕێگەی خەڵکانێکی بەهێز و ئازاد کە دڵنیان لە بەهاکانیان و متمانەیان بە داهاتوویان هەیە ڕێگەیەکە بەرەو خۆشگوزەرانی و ئاشتی. ئێمە کلتورەکانمان بەرز دەنرخێنین، بەهاکانمان بەرز دەنرخێنین و هەمیشە دەجەنگین لەپێناو ئەوەی باوەڕمان پێیەتی."

سەرۆک ترامپ بە هێزەکانی ئەمەریکای وت " ئێوە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر چەوسێنەرەوەکان و دیکتاتۆرەکان کە دەیانەوێت خەڵکانی بێتاوان بکەنە نێچیری خۆیان."

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کە لە گەشتەکەیدا لەگەڵیایەتی وتی زۆربەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی و سەرکردەکانی تر کە لە ماوەی گەشتە سیانزە ڕۆژەکەیدا چاوی پێیان دەکەوێت گرنگی دەدات بە لەناوبردنی بەرنامە ناوەکییەکەی پیۆنگیانگ.

بەرپرسەکە وتی " ستراتیژی سەرۆک، ئەم ستراتیژییە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشماندا یەکدەگرێتەوە لەوانە ژاپۆن و کۆریای باشوور و هەموو جیهانیش، ئەم ستراتیژیە بۆ ئەوەیە کە فشارەکانی سەر پیۆنگیانگ زیاتر بکرێن. کەمپینێکی سیاسیی و ئابوورییە بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر کۆریای باکوور، تاوەکوو باوەڕ بە سەرکردایەتی کۆریای باکوور بهێنێت کە تاکە ڕێگە بۆ دەربازبوونی کۆریای باکوور لەم قەیرانەدا ئەوەیە کە دەبێت دەست بکەن بە کەمکردنەوەی هەڕەشەکان و بەرەو نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکانیان بجوڵێن."

بەرپرسەکە وتیشی " سەرۆک زۆر گرنگی دەدات بەوەی کە دڵنیا ببێتەوە چین هەموو فەرمانەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکات بەوەی کە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆریای باکووردا ڕابگرێت تاوەکو کۆریای باکوور نەتوانێت خەرجی گەشەپێدانی بەرنامە ناوەکییەکەی بەدەست بخات."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG