جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کامڵا هێرس و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕازیبوون بە ئەنجامدانی دیبەیتێک لە 10 ی مانگی نۆدا لە کەناڵی ئەی بی سی نیوز.
ئێن بی سی نیوز تاوتوێی ئەگەری دیبەیتی دووەم دەکات لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دوو بەربژێرەکەدا.
بەڵام ترامپ لە کۆنفرانسێکی دوورودرێژی ڕۆژنامەوانیدا وتی سی بی ئێس نیوز ڕازی بووە بە میوانداریکردنی دیبەیتێک لە نێوان جێگرەکانی ترامپ و هێرسدا، جەی دی ڤانسی جێگری ترامپ و تیم واڵزی جێگری هێرس.
ترامپ وتی ڕازیشبووە بە دیبەیتێک لە کەناڵی فۆکس نیوز لە 4 ی مانگی نۆدا ئەنجام بدرێت، کە زۆرێک لە پێشکەشکارەکانی پشتگیری لە ترامپ دەکەن، بەڵام هێرس ڕازی نەبووە.
دیبەیتی نێوان ترامپ و هێرس ڕەنگە ببێتە ساتێکی زۆر گرنگ بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانییان، بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچن. ملیۆنان دەنگدەریش سەیری دەکەن، ڕەنگە هەندێک لە دەنگدەران کە تاوەکو ئێستا بڕیارییان نەداوە دەنگ دەدەن بە کێ، دوای بینینی دیبەیتەکە خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
دیبەیتەکەی پێشووی نێوان ترامپ و بایدن، کە ئەو کاتە بەربژێری دیموکراتەکان بوو، ئاڕاستەکەی گۆڕی، بایدن لەو دیبەیتەدا قسەکانی تێکەڵ دەکرد و خراپ بوو، نەشیدەتوانی هێرش بکاتە سەر ترامپ و بەرگری لە سەرۆکایەتییەکەی خۆی بکات.
دوای دیبەیتەکە، زۆرێک لە دیموکراتەکان داوایان کرد بایدن دەستبەرداری هەڵبژاردنەکان ببێت، بایدن کۆتایی بە بەربژێرییەکەی هێنا و دەستبەجێ پشتگیری خۆی بۆ هێرس دەربڕی.
ڕۆژی پێنجشەممە ترامپ لە کۆنفرانسێکی 45 خولەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی 37 پرسیاری دایەوە. مەبەست لەو کۆنفرانسە ئەوە بوو شکستی هێرس دەربخات لەوەدا کە نەیتوانیوە مامەڵە لەگەڵ کۆنفرانسێکی پرسیار و وەڵامی لەوشێوەیەدا بکات لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا.
ترامپی 78 ساڵ ماندوونەناسانە هێرشی کردە سەر هێرس و بە " کەسێکی توندڕەوی چەپی " ناوبرد کە ئاگای لە دەنگدەرانی نیە و تەنانەت چەندین جار ناوی یەکەمی خۆی بە هەڵە وتووە.
ترامپ وتی " ئەو ناتوانێت چاوپێککەوتنێک ئەنجام بدات، ناتوانێت قسەش بکات. ئەو ئەوەندە زیرەک نیە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات."
وتی " خراپترە لە بایدن و ئەوەندەی بایدنیش زیرەک نیە." بەڵام دواتر وتی " شتەکە پەیوەست نیە بەوەوە، بەڵکو پەیوەستە بە سیاسەتە خراپەکەیەوە."
ترامپ هەندێک شتی هەڵەشی وت لە ماوەی کۆنفرانسەکەدا، یەکێک لەوانە ئەوە بوو وتی نزیکەی 1500 کەس ئامادەی بانگەشەکەی هێرس بوون لە ویسکۆنسن و میشیگن لە ڕۆژی چوارشەممەدا، بەڵام لە ڕاستیدا هەزاران کەس ئامادە بوون.
هەروەها ئەوەش ڕاست نەبوو کە وتی هیچ کەسێک نەکوژرا لە کاتێکدا کە لە 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دا نزیکەی 2000 کەس لە لایەنگرەکانی هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆنگرێس، لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 و سەرکەوتنی بایدن لەلایەن کۆنگرێسەوە. زیاتر لە 1000 کەس دەستگیرکران، هەندێکیان کاری تێکدەرانەیان کرد لە بیناکەدا و هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسەکانی ئەندامانی کۆنگرێس. پۆلیس تەقەی لە یەکێک لە لایەنگرەکانی ترامپ کرد و کوشتییان، ئەوانی دیکەش لە تراومای ڕۆژەکەدا گیانییان لە دەستدا.
ترامپ بانگەشەی ئەوەی کرد " زۆرینەی وڵاتەکە پشتگیری لە من دەکات "، بەڵام لە هیچ کام لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی دەنگەکانی بە دەست نەهێناوە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 و ساڵی 2020 یشدا. ئێستا لە سەدا 43 ی ئەمەریکاییەکان پشتگیری دەکەن.
هێرس و ترامپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانییاندا بەردەوام باسییان لە کەموکورتی یەکتر کردووە.
هێرس هەمیشە لە بانگەشەکانیدا دەنگدەران بە بیر دەهێنێتەوە کە ئەو بۆ ماوەیەکی زۆر دادوەری ویلایەتی کالیفۆرنیا بووە، کە قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمەریکایە، بە بیری خەڵکەکەی دەهێنێتەوە کە وەکو دادوەر تاوانبارانی خستووەتە زیندانەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا