Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕێنماییە فیدڕاڵیەکان بۆ مانەوە لە ماڵەوە درێژ دەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕێنماییە فیدڕاڵییەکانی بۆ مانەوە لە ماڵەوە بۆ مانگێک درێژ کردەوە لەکاتێکدا حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان لە ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا دێت زیاتر دەبێت.

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی فیدڕاڵی ئەمەریکا کۆمەڵێک ڕێنمایی بڵاوکردەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوانەش دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و تێکەڵاوی نەکردن و مانەوە لە ماڵەوە، ماوەکەی 15 ڕۆژ بوو کە ڕۆژی دووشەممە ئەو ماوەیە بەسەر دەچێت.

سەرۆک ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا بوو کە حەز دەکات تاوەکو دوو هەفتەی دیکە وڵاتەکە بکاتەوە و ئەو ڕێنماییانە کەم بکاتەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوە ئەمڕۆ بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە لە 15 ڕۆژەوە بۆ 30 ڕۆژ، تاوەکو 30 ی مانگی چوار.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەیویست ژیانی ئاسایی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە، بەڵام گەورە پسپۆڕی نەخۆشیە درمەکان لە ئەمەریکا ئانتنی فاوچی ئەوەی خستەڕوو لەوانەیە 100,000 کەس لە ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیان لەدەست بدەن و ملیۆنان کەس توشی ببن.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەمەوێت ژیانمان ئاسایی ببێتەوە." بەڵام ئانتنی فاوچی وتی " ئەگەر شتی زیاتر نەکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەوا ئەو خەمڵاندنەی من کە دەڵێم 100بۆ 200 هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن ڕاست دەردەچێت."

ڕێنماییە فیدڕاڵیەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن خەڵک قەرەباڵغی دروست نەکات و هانی کەسە بە تەمەنەکان و ئەو کەسانە دەدات کە کێشەی تەندروستیان هەیە لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هانی خەڵک دەدات ئەگەر بکرێت لە ماڵەکانیانەوە کارەکانیان جێبەجێ بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە ڕێستۆرانت و باڕەکان، هەروەها هانی ئەوە دەدات گەشت و بازاڕی ناپێویست نەکرێت.

جێی ئاماژەیە تاوەکو دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا 137,000 کەسی تێپەڕاند و زیاتر لە 2,400 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG