Accessibility links

بەرپرسێکی کۆشکی سپی: ئەردۆگان و سەرۆک ترامپ باسیان لە دۆسییەی کوژرانی خاشقچی کردووە


بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆلد ترامپ و هاوتا تورکییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان گفتوگۆیان لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوە کردووە لەسەر بابەتی دۆسییەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی.

بەرپرسەکە وتیشی گفتوگۆکەی نێوان دوو سەرۆکەکە لەمیانەی ئێوارە خوانی ڕابەرانی وڵاتانی جیهاندا بووە لە پاریس کە بەبۆنەی ساڵیادی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەمەوە ساز کرابوو.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو تیمێکی سعودی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیان کوشت کە هەمیشە ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەگرت، سعودیەش دانی بەوەدانا کە کوشتنەکە لە ئەنقەست بووە بەڵام هێشتا لاشەکەیان نەدۆزیوەتەوە.

ڕۆژی شەممە ئەردۆگان وتی تورکیا تۆمارە دەنگییەکانی پەیوەست بە کوشتنی خاشقچی داوەتە هەریەک لە وڵاتەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و وتیشی فەرمانی کوشتنەکە لە بەرزترین پۆستی حکومەتی سعودیەوە دەرچووە.

سەرۆک ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا وتی دەبێت تا هەفتەی داهاتوو هەڵوێستێکی بەهێزتر دروست ببێت سەبارەت بە وەڵامدانەوە لەسەر کوژرانی خاشقچی و وتیشی لەگەڵ کۆنگرێس و تورکیا و سعودیەدا کار دەکات بۆ دیاریکردنی ئەو کەسەی بەرپرس بووە لە کوشتنی خاشقچیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG