Accessibility links

یاسادانەرێکی گەورەی کۆماری: لەوانەیە دەزگای زانیاری گوێی گرتبێت لە پەیوەندییەکانی سەرۆک ترامپ


یاسادانەرێکی گەورەی کۆماری دەڵێت لەوانەیە دەزگای زانیاری ئەمەریکا گوێیگرتبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک دانۆڵد ترامپ و ڕێبەر و کەسانی بیانی لە چوارچێوەی چاودێریکردنی ڕوتینی یاسایی کاربەدەستانی بیانیدا.

دەیڤن نونەس ئەندامی کۆماری و سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی چوارشەممە لە دەرەوەی کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی وت زۆربەی ئەوانەی گوێیان لێگیرابوو پەیوەندییەکانی ئەندامانی تیمی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ سەرۆک ترامپ بوون کە لە مانگی دوازدەوە لە کاتی هەڵبژاردنەکانەوە ئەنجام درابوون هەتا مانگی یەک کە دانۆڵد ترامپ پۆستی سەرۆکایەتی گرتەدەست.

لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک ترامپ و کاربەدەستانی بیانی و ئەوانەشی پێشنیار دەکران بۆ گرتنە دەستی پۆست لە بەڕێوەبەرایەتی نوێ ڕەنگە بەشێک بووبن لەو پەیوەندییانەی گوێیان لێگیرابوو.

نونەس وتی زانیارییەکان بە شێوەیەکی فراوان لە نێو دەزگاکانی زانیاری بڵاوکرانەوە و ناسنامەی ئەندامانی تیمی سەرۆک ترامپ بە شێوەیەکی ناگونجاو لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکاندا ئاشکراکران.

یەکێک لە پەیامنێرەکان پرسیاری لە نونەس کرد، ئایە هیچ کەسێک لەو کاتە سیخوڕی بەسەر سەرۆک ترامپ کردبوو، ئەویش لە وەڵامدا وتی هیچ زانیاریەکی لەو بارەیەوە نییە.

پاشان وتی ڕۆژی چوارشەممە بۆ کۆشکی سپی ڕۆیشتووە، چونکە ئەرکێتی بە سەرۆک بڵێت ڕاپۆرتی هەواڵگری لە بارەی گوێگرتنەکانەوە هەن.

سەرۆک ترامپ وتی زانیاریەکانی لە لایەن نونەسەوە پێی دراوە خۆشحاڵی کردووە.

ئادەم شیف یاسادانەری گەورەی دیموکرات لە کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران لای خۆیەوە وتی نونەس ئێستا ناڕوونیەکی خستە سەر لیکۆڵینەوەکان. وتیشی دەیەوێت بزانێت بۆچی نونەس ئەو زانیاریانەی دەستیکەوتوون بە سەرۆک ترامپی داوە بەر لەوەی بیدات بە تەواوی ئەندامانی کۆمیتەکە.

پاشان وتی نونەس ناتوانێت سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بکات و لە هەمان کاتدا ببێتە نوێنەری کۆشکی سپی.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG