Accessibility links

سەرۆک ترامپ باری نائاسایی لە ئەمەریکا ڕاگەیاند


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕاگەیاندن پاش ئەوەی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەتا دێت و زۆر زیاتردەبێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی" بە ئامانجی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ هەموو سەرچاوەکانی بە تەواوی بخاتەکار، بە فەرمی باری نائاسایی ڕادەگەیەنم."

گوتیشی ئەم بڕیارە وەها دەکات 50 ملیار دۆلار دابین بکرێت بۆ یارمەتیدانی ویلایەتەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیـیەکە.

هەروەها دەسەڵاتێکی زۆر بە وەزیری تەندروستی دەدات، لەوانە دەسەڵاتی وەلاوە نانی هەندێک ڕێسا تاوەکو شوێنەکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە ئەوپەڕی توانایانەوە چارەسەری نەخۆشەکان بکەن.

گوتیشی هەرچی ئەوانەی دێنە ناو ئەمەریکاوە کەرەنتینە دەکرێن و پـشکنینی تەندروستیان بۆ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە بە هەندێک نادرێت بێنە ناو ئەمەریکاوە.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ لەسەر بنەمای یاسای ناسراو بە Stafford Act دراوە کە وەها دەکات حکومەتی فیدراڵ 75% خەرجیـیەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشیـیە بۆ ویلایەتەکان دابین بکات.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی سەرۆک ترامپ، دەزگای فیدراڵی بۆ بەڕێوبردنی باری نائاسایی ناسراو بە Federal Emergency Management Agency (FEMA) دەتوانێت دەستبەجی بڕی 42 ملیار دۆلار بۆ ویلایەتەکان ڕەوانەبکات.

هەفتەی ڕابردوو کۆنگرێس و بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ 8.3 ملیار دۆلاریان پەسەندکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیـیە.

XS
SM
MD
LG