Accessibility links

سەرۆک ترامپ پلانەکەی کۆنگرێس بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە ڕەت دەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پلانەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکای بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە ڕەت کردەوە و داوای کرد ئەو پارەیەی دەدرێت بە خێزانەکان زیاتر بکرێت، پلانەکەشی بە " جێی شەرمەزاری " ناودێرکرد.

سەرۆک ترامپ وتی " داوا لە کۆنگرێس دەکەم دەستکاری ئەم پڕۆژە یاسایە بکات، ئەو 600 دۆلارەی داندراوە بۆ دوو هاوسەر زیاد بکرێت بۆ دوو هەزار یاخود چوار هەزار دۆلار."

وتیشی " داوا لە کۆنگرێس دەکەم هەندێک شتی ناپێویست کە پارەیەکی زۆری بۆ داندراوە لەم پڕۆژە یاسایەدا لاببات."

ڕۆژی دووشەممە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا پلانێکیان بۆ بوژاندنەوەی ئابووری ئەمەریکا پەسەند کرد و تیایدا یارمەتی ئەو خێزانانە دەدرێت کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و هەروەها یارمەتی کۆمپانیا بچوک و خوێندنگاکان دەدرێت.

سەرۆک ترامپ داوای کرد دووبارە پڕۆژە یاساکەی بەشێوەکەی " گونجاو " بۆ بنێردرێتەوە ئەگەر نا ئەوا " بەڕێوبەرایەتیەکەی داهاتوو " دەبێت کار لەسەر پلانی بوژاندنەوەکە بکات، سەرۆک ترامپ کە تا ئێستا ڕەتی دەکاتەوە دان بەوەدا بنێت بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتووە وتی " ئەو بەڕێوبەرایەتیەی داهاتوو لەوانەیە من بم."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG