Accessibility links

سەرۆک ترامپ سەردانەکەی بۆ ئێرلەندا هەڵدەوەشێنێتەوە


وتەبێژی حکومەتی ئێرلەندا وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەردانێکی هەڵوەشاندۆتەوە کە بەنیاز بووە بیکات بۆ ئێرلەندا لە مانگی یانزەدا بەهۆی کێشەی خشتەی کارەکانییەکەوە.

کۆشکی سپی لە مانگی هەشتدا ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ لە مانگی یانزەدا لە چوارچێوەی گەشتێکیدا بۆ ئەوروپا سەردانی ئێرلەندا دەکات و پێش ئەوە سەردانی فەڕەنسا دەکات تاوەکو بەشدار بێت لە ئاهەنگێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەیەکدا کە کۆتایی بە جەنگی جیهانی یەکەم هێنا.

لە واشنتن وتەبێژی کۆشکی سپی وتی واشنتن هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بەوەی کە ئایا سەرۆک ترامپ سەردانی ئێرلەندا دەکات لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پاریس یاخوود نا.

وتەبێژی کۆشکی سپی سارا ساندەرز بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرۆک لە مانگی یانزەدا گەشت دەکات بۆ پاریس وەکو چۆن پێشتر ڕاگەیەندراوە. ‌هێشتا بڕیارمان نەداوە لەسەر ئەوەی ئێرلەندا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی سەرۆک سەردانی دەکات لەم گەشتەدا یان نا. دوای ئەوەی دڵنیا بووینەوە پێتان ڕادەگەیەنین."

ژمارەیەک گروپ ڕایانگەیاندبوو کە لەمیانەی سەردانەکەی سەرۆک ترامپدا بۆ ئێرلەندا لە دەبڵنی پایتەختی ئێرلەندا خۆپیشاندان ساز دەکرێت.

وتەبێژی حکومەتی ئێرلەندا لە تویتەر نوسیویەتی " سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دواخراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG