سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەردانەکەی بۆ دانیمارک هەڵوەشاندەوە کە وابڕیاربوو لە سەرەتای مانگی نۆدا ئەنجامی بدات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری دانیمارک ڕەتی کردەوە دوورگەی گرینلاند بە ئەمەریکا بفرۆشێت.
سەرۆک ترامپ وتی " دانیمارک وڵاتێکی تایبەتە و گەلەکەشی سەرسوڕهێنەرن بەڵام بەپێی وتەکانی سەرۆک وەزیری دانیمارک میتێ فریدریکسن بێت دیارە کە ئەو نایەوێت گفتوگۆ لەسەر فرۆشتنی گرینلاند بکات، لەبەر ئەوە کۆبوونەوەکەمان دوادەخەم بۆ کاتێکی دیکە."
وتیشی " سەرۆک وەزیر بڕێکی زۆر خەرجی و هەوڵیداوە بۆ ئەمەریکا و دانیمارکیش بەوەی کە ڕاستگۆ و ڕوون بووە. سوپاسی دەکەم بۆ ئەوە و هیوادارم لە داهاتوودا کاتێکی دیکە دیاریبکەین."
بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی سەرۆک ترامپ سەردانەکەی بۆ دانیمارک هەڵوەشاندۆتەوە کە وابڕیاربوو لەو سەردانەدا سەرۆک ترامپ لە کۆپنهاگن لەگەڵ فریدریکسن و سەرۆکی حکومەتی گرینلاند کیم کیڵسندا گفتوگۆ لەسەر قوتبی باکوور بکات.
ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری دانیمارک میتێ فریدریکسن وتی بیرۆکەی فرۆشتنی گرینلاند بە ئەمەریکا بێ مانایە لەکاتێکدا ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک ترامپ جەختی لە گرنگیپێدانی ئەمەریکا کردەوە بۆ کڕینی گەورەترین دوورگە لە جیهاندا.
فریدریکسن وتی " گرینلاند بۆ فرۆشتن نیە. گرینلاند دانیمارکی نیە. گرینلاند موڵکی هاوڵاتیانیەتی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز