Accessibility links

سەرۆک ترامپ داوا لە سعودیە دەکات ڕێگە بدات یارمەتییەکان بگەیەنرێنە یەمەن


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای لە سعودیە کرد بەخێرایی ڕێگە بدەن یارمەتییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان بگەیەنرێنە دەستی گەلی یەمەنەوە.

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە دژی حوسییەکانی ناو یەمەن دەجەنگێت لە جەنگی ناوخۆی یەمەندا، بۆ ماوەی مانگێکە گەمارۆی خستۆتە سەر هەموو خاڵە سنورییەکانی یەمەن دوای ئەوەی موشەکێک لە یەمەنەوە هاوژرا بۆ سعودیە و سعودیە تێکیشکاند.

سەرەڕای ئەوەی دوای ئەوە گەمارۆکە کەمکرایەوە بەڵام هێشتا بارودۆخی یەمەن زۆر خراپە و نزیکەی 8 ملیۆن کەس لەسەر لێواری برسێتین و نەخۆشی کۆلێرا و دەفتریا بە وڵاتەکە بڵاوبۆتەوە.

سەرۆک ترامپ لە بەیاننامەیەکدا وتی " فەرمانم بە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەم کردووە پەیوەندیی بکەن بە سەرکردایەتی سعودیەوە و داوایان لێبکەن ڕێگە بدەن هەموو خۆراک و سوتەمەنی و ئاو و دەرمانەکان بۆ گەلی یەمەن بەتەواوەتی بگەنە یەمەن کە پێویستییەکی زۆریان بەو یارمەتیانە هەیە." هیچ وردەکارییەکی دیکەی لە بەیاننامەکەدا باس نەکردووە.

وتیشی " دەبێت ئەمە بەخێرایی بکرێت بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە."

ڕێکخراوی ئۆکسفامی نێودەوڵەتی پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کردوو و وتی " بڕیارەکە زۆر دواکەوت بەڵام زۆر گرنگە."

بەیاننامەکەی سەرۆک ترامپ یەکێکە لە دیارترین ئاماژەکان سەبارەت بەوەی ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی سعودیە. هەروەها سعودیە دژی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپیش بوو سەبارەت بە ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسڕائیل.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی بەیاننامەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە یارمەتیەکان بۆ یەمەن تۆڵەکردنەوەیەک نیە بۆ هەڵوێستەکەی سعودیە سەبارەت بە قودس.

بەرپرسەکە وتیشی " ئەوە پەیوەندیی بە ڕاستیی بوونی کێشەی مرۆیی مەترسیدارەوە هەیە لە یەمەن و سعودییەکان دەتوانن و دەبێت زیاتر بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG